ئاستی ئاوی بەنداوی بۆکان 10 مەتر دابەزیوە

لە بەردەوامی وشکبوونی سەراو زۆنگاوەکان و بەنداوەکانی ئێران بە هۆی کەمیی بارانبارین و بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ئاوی ژێرزەوی و بەنداوەکان، ئەم قەیرانە بەنداوی بۆکانیشی گرتووەتەوە و ئاستی ئاوەکەی زیاتر لە10 مەتر دابەزیوە، ئەم بەنداوە ئاوی زیاتر لە 23  شار و 123 گوندی سێ پارێزگای ئێران دابین دەکات، هاووڵاتیان کە هەمووکات بۆ ڕاوەماسی سەردانی بەنداوەکە دەکەن، دەڵێن؛ ئاوا بڕوا ئاوی بەنداوەکە وشک دەبێت و ماسییەکانیش دەمرن، ئەوانیش بۆ کاتبەسەربردن ناچارن روو لە شوێنەکانی دیکە بکەن.

ڕەسوڵ عەبدوڵاپوو، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دابەزین ئاوەکە دیارە لەو هێلە سپییەوە بووە ئێستا ئاستی زۆر دابەزیوە، ئێستا دەبوو ڕێژەی ئاوەکە لەو سەرەوە بووایە نەک بەو شیوەیە ئێستا. بێبارانی و نەبوونی ئاو زیانێکی زۆریان لەم بەنداوە داوە. 

سەرباری ئەوەی توانایی گلدانەوەی ئاوی ئەو بەنداوە زیاتر لە 900 ملیۆن مەتر سێجایە، بەراورد بە ساڵی رابردوو تەنیا سەدا 20 ئاوی تێدا ماوە.

هاووڵاتیان بە بەردەوامی سەردانی بەنداەوەکە دەکەن بۆ ڕاوەماسی و دەڵێن زیاتر لە 10هەزار تۆن ماسی بەهۆی نەبوونی ئاو و ئۆکسیجێن مردوون.

ڕەحیم خۆش قەدەم، هاووڵاتی دەڵێت: پێویستمان بە ئاوە. ئاوی ئاژەڵەکانیشمان نەماوە، من خۆم ئاژەڵم هەیە و ئاوم بۆیان پێ دابین ناکرێت. زۆرجار دا ئەمێنم  بۆ ئاو بۆ ئاژەڵەکانم دەڵێم چیبکەم بۆ ئاو بۆیان. خەریکە خەڵکی کشتوکاڵەکەی وشک دەبێت، نە گەنمیان داچاندووە نە هیچ بەرهەمێکی دیکە هەموو ئەوەش بەهۆی کەمئاوییە.

ئەم بەنداوە ئاوی زیاتر لە 23 شار و 123 گوندی سێ پارێزگای ئێران دابین دەکات، رێژەی رژانی ئاو بۆ ناو مەخزەنی بەنداوەکە لە یەک ساڵی رابردوودا نزیکەی یەک ملیار مەتر سێجا دابەزیوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی توانایی گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکە دابەزێت، هاووڵاتیان هۆکاری وشکبوونی بەنداوەکە لەگەڵ وشکەساڵی و بێبارانی بۆ بەکارهێنانی لەرادەبەدەری ئاوی بەنداوەکە دەگەڕێننەوە.

عەلی فەرەجی، هاووڵاتی دەڵێت: ڕێژەی دابەزینی ئاوەکە دیارە ئەوەتا خاکەکەی دیارە و هیچ گیایەکی لێ سەوز نەبووە، هەموو جێگای ئەو بەدناوەیە کە دابەزیوە، ئاژەڵ دارێک دەڕوات بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی لە 5:00 یەوە بۆ 7:00 ئێوارە کانیەک گۆماوێک نییە بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانی پێ ئاو بدات، 

بەنداوی بۆکان دەکەوێتە باشووری دەریاچەی ورمێ و وەکوو پڕئاوترین بەنداوی پارێزگای ورمێ دەناسرێ، ساڵانە زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە و ئاوی تایبەت بۆ کاری پیشەسازی و ئاوی زیاتر لە 55 هەزار هێکتاری زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە دابین دەکات. 

 
Fly Erbil Advertisment