ناوچە شاخاوییەکانی سۆران سپیپۆش بوون؛ جووتیاران دڵخۆشن
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2025، تەیفور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24، گوتی، شەپۆلێکی بەفر و باران لە شەوی شەممەوە ناوچەکەی گرتووەتەوە و تا ئێستا بەردەوامە.
بە گوتەی پەیامنێری کوردستان24، سەنتەری قەزا و ناحییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەفریان لێ نەباریوە؛ بەڵام ناوچە شاخاوییەکان بڕێکی زۆر بەفریان لێ باریوە و پێشبینی دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا بەفربارینەکە چڕتر ببێتەوە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، بە گشتی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بارانی ئەمساڵ زۆر باش بووە. هەرچەندە جیاوازی لە ڕێژەی باریندا هەیە، بەڵام بڕێکی زۆر باران باریوە، ئەمەش جێگای دڵخۆشی جووتیارانی دەڤەرەکەیە.
بە گوێرەی ئاماری فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سۆران، ڕێژەی بارانبارین لە ناوچەکە بەم شێوەیە بووە:
سەنتەری قەزای سۆران: لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 18.7 ملیمەتر باران باریوە. کۆی گشتی بڕی بارانی ئەمساڵ گەیشتووە بە 28.1 ملیمەتر.
قەزای خەلیفان: 13.9 ملیمەتر باران باریوە. تێکڕای ئەمساڵ گەیشتووە بە 23.9 ملیمەتر.
قەزای مێرگەسۆر: زۆرترین ڕێژەی بارانبارینی هەبووە، 19.5 ملیمەتر. کۆی گشتی دابارینی ئەمساڵ گەیشتووە بە 50.5 ملیمەتر.
قەزای چۆمان: 16.5 ملیمەتر باران باریوە. تێکڕای ساڵەکە 30.5 ملیمەتر بووە.
قەزای سیدەکان: 12 ملیمەتر باران باریوە. کۆی گشتی بارانبارینی ئەمساڵ 23 ملیمەتر بووە.
قەزای ڕواندز: 13.6 ملیمەتر باران باریوە. کۆی گشتی بارانبارینی ئەمساڵ 25.8 ملیمەتر.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، لە حاجی ئۆمەران بە هۆی دابارینی بەفر ڕێژەی باران کەمتر بووە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، شەپۆلی بەفر و باران تا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2025، بەردەوام دەبێت. لە هەندێک ناوچە شەپۆلەکە بەهێزتر دەبێت، بە تایبەتی بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بە تایبەتیتر لە حاجی ئۆمەران.
سەبارەت بە ئامادەکارییەکان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی سۆران، تەیفور محەممەد گوتی، تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو. بنکەکانیان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەوە ئاگادار کراونەتەوە تا بە زووترین کات، لە کاتی داخرانی ڕێگاکان بە هۆی بەفربارینەوە بگەنە شوێنی دیاریکراو و ڕێگاکان بە ڕووی شۆفێراندا بکەنەوە.
