بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: وێستگەی پاککردنەوەی ئاوەڕۆ خزمەتێکی گەورە بە ژینگەی شاری هەولێر دەگەیەنێت
ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، پرۆژەی پاککرنەوەی ئاوەڕۆی هەولێر، لە ڕووی ژینگەییەوە خزمەتێکی گەورە بە شارەکەمان دەگەیەنێت، بە تەواو بوونی ئەم پرۆژەیە سەدان بیری ئاو دادەخرێن و سیمایەکی جوان و پاکتر دەبەخشێتە شاری هەولێر.
یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025، ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: خۆشحاڵین ئەمڕۆ پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیجی دەخەینە سەر خەرمانی پرۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە خزمەتێکی گەورە بە ژینگەی شاری هەولێر دەگەیەنێت.
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، جەختی لەوەکردەوە "وەکوو بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر، سوودێکی زۆر لەم پرۆژەیە دەبینن، چونکە پارک و باخچەکان، شووشتنگەکانی ئۆتۆمبیل، هەروەها ئەو ڕووبەرە زەویانەی بە سەوزە دەچێنران و بە ئاوی خاوێنی بیرەکان ئاو دەدران، بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە بیرەکانیان دادەخرێت و سوود لە ئاوی پاککراوەی ئاوەڕۆکان دەبینن."
ئەو، ئاماژەی بەوەش کرد "بە تەواو بوونی پرۆژەکە، چیدیکە بیر هەڵکەندن نامێنێت بۆ دابینکردنی ئاو بۆ ڕووبەرە سەوزاییەکان و چەندین بواری دیکە، کە رۆژانە بڕە ئاوێکی زۆریان پێویست دەبێت بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان، بێگومان ئەمەش کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بوژانەوەی ئاوی ژێر زەوی."
ڕابەر حوسێن، گوتیشی: لەم قۆناغەدا، کاری وێستگەکە تەواو دەکرێت، دواتر بە گوێرەی پلانی سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر، ئاوی پاککراوەی ئاوەڕۆکان دەگەیەنرێتە ئەو شوێنانەی کە پێویستیان پێیەتی، بەم کارەش جگە لەوەی ئەو شوێنانەی بۆ ئاودان یان هەر مەبەستێکی دیکە پشتیان بە ئاوی خاوێنی بیرەکان بەستووە، بیرەکانیان دادەخرێت و لەم ئاوە پاڵاوتەکراوە سوودمەند دەبن.
پرۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوەڕۆی هەولێر، بە یەکێک لە گەورەترین پرۆژەکانی ژێرخانی ژینگەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و بڕی 579 ملیۆن دۆلاری لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەرخان کراوە؛ کە لەسەر ڕووبەری 205 دۆنم زەوی لە ڕۆژئاوای شاری هەولێر دروست دەکرێت و توانای پاککردنەوەی 840 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورسی (ئاوی ڕەش و خۆڵەمێشی) لە ڕۆژێکدا دەبێت.
هەروەها بە شێوەیەک داڕێژراوە کە بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو خزمەتی دانیشتوانی هەولێر بکات و لەگەڵ فراوانبوونی شاردا بگونجێت.
قۆناغی دووەمی ئەم پرۆژەیە لەلایەن کۆمپانیای ناوخۆیی (ئاوزان)ەوە جێبەجێ دەکرێت و قۆناغی یەکەمیشی لەلایەن ئاژانسی جایكای ژاپۆنییەوە جێبەجێ کراوە.
پرۆژەکە لە سێ پێکهاتەی سەرەکی پێک دێت:
پێکهاتەی یەکەم: دروستکردنی تۆڕێکی گواستنەوەی ئاوەڕۆ، بەدرێژایی 21.9 کیلۆمەتر، کە 5.3 کیلۆمەتری بە تەکنیکی پێشکەوتووی (Pipe Jacking) جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش وا دەکات پێویست بە هەڵکۆڵینی شەقامەکان نەکات.
پێکهاتەی دووەم: بریتییە لە وێستگەیەکی مۆدێرنی چارەسەرکردن (WWTP)، کە پرۆسەی پاککردنەوەکە لە چەند قۆناغێکی وەک سکرینکردن، هەواگۆڕكێ و پاڵاوتن ئەنجام دەدات. هەروەها ئاوی پاککراوە بۆ مەبەستی جیاواز بەتایبەت کشتوکاڵ، دووبارە بەکار دەهێنرێتەوە.
پێکهاتەی سێیەم: قۆناغێکی دووساڵەی کارپێکردن و چاککردنەوەیە، بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی و کارایی وێستگەکە.
گرنگیی ئەم پرۆژەیە لە چەند خاڵێکدا کۆ دەبێتەوە لەوانە:
- ڕێگریی لە تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ سەرچاوە ئاوییە سروشتییەکان دەکات و ئاوی ژێر زەوی لە پیسبوون دەپارێزێت.
- مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان بەهۆى ئاوەوە کەم دەکاتەوە.
- پشتگیریی لە کشتوکاڵێکی پاکتر دەکات و لەگەڵ ستانداردە ژینگەییە نێودەوڵەتییەکاندا دەگونجێت.
هەروەها بە تەواوبوونیشی، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە بنیاتنانی شارێکی پاکتر، تەندروستتر و گەشەسەندووتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگێڕێت.
