ئەپڵ گۆڕانکاری لە کاتی بڵاو کردنەوەی بەرهەمەکانی دەکات

کۆمپانیای ئەپڵ کاتی خستنە بازاڕی بەرهەمە نوێیەکانی ئایفۆن بە تەواوی دەگۆڕێت و لە زنجیرەی ئایفۆن 18ـەوە دەست پێ دەکات، هاوکات زیاتر لە 15 ساڵە ئەو کۆمپانیایە بەو نەریتە بەرهەمەکانی بڵاو دەکاتەوە.

میدیاکانی جیهان ئاماژە بەوە دەدەن، کۆمپانیای ئەپڵ، خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی بە تەواوی خشتەی کاتی خستنە بازاڕی ئایفۆن دابڕێژێتەوە، ئەم بڕیارە لە زنجیرەی ئایفۆن 18وە دەچێتە واری جێبەجێکردن، واتە لەمە بە دوا کۆمپانیای ئەپڵ ساڵانە لە دوو کاتی جیاوازدا ئایفۆنی نوێ دەخاتە بازاڕەوە، ئامانجیشی بەهێزکردنی توانای ڕکابەری خۆیەتی لەگەڵ هەر دوو کۆمپانیای سامسۆنگ و گووگڵی ڕکابەری؛ بەمەش کۆتایی بەو نەریتە ساڵانەیە دەهێنێت کە بەکارهێنەران بۆ زیاتر لە 15 ساڵە لەسەری ڕاهاتوون.

بە پێی پلانەکە، ئەپڵ لە پاییزی 2026 وەک نەریتی ساڵانەی خۆی، ئایفۆن 18 و 18PRO MAX لەگەڵ ئایفۆنێک کە توانای نوشتانەوەی هەیە دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام بڵاوکردنەوەی ئایفۆن 18، 18e و نەوەی دووەمی ئایفۆن AIR دەکەوێتە نیوەی یەکەمی ساڵی 2027.

واتە بڵاوکردنەوەی پێش وەختە لە ساڵی 2026دا تەنیا بۆ ئایفۆن 17e دەبێت، ئەمەش یارمەتی ئەپڵ دەدات ڕکابەرییەکی باشتری بەرهەمە جیاوازەکانی گووگڵ و سامسۆنگ بکات و خستنە بازاڕی بەرهەمە نوێیەکانی هاوکات بێت لەگەڵ مۆبایلەکانی گالاکسی کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە هەمان کاتدا دەخرێنە بازاڕەوە.

هەرچەندە ئەم بڕیارە ئاستی سەرنجڕاکێشی ساڵانەی کۆمپانیاکە بۆ خستنە بازاڕی بەرهەمە نوێیەکانی ئایفۆن کەم دەکاتەوە بەڵام شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەو ستراتیژە نوێیە دەتوانێت یەکێک بێت لە باشترین بڕیارەکانی ئەپڵ لەم ساڵانەی دواییدا. چونکە فشار لەسەر هێڵەکانی دابینکردن و بەرهەمهێنان کەمدەکاتەوە، هەروەها کاتێکی زیاتر دەدات بە تیمەکانی پەرەپێدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و کەم و کورتییەکان باشتر کردنی کوالێتی بەرهەمەکان، کە پێویستییەکی گەورەی کۆمپانیاکە بوو.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment