گوتەبێژی هاوپەیمانیی سیادە: لێدوانەکانی حەلبووسی ڕاستییەکان لە بارەی هەرێمی کوردستان دەشێوێنێت
گوتەبێژی هاوپەیمانیی سیادە لێدوانەکانی سەرۆکی حزبی تەقدوم ڕەت دەکاتەوە و ڕایگەیاند، ئەم لێدوانانە دەبنە هۆی دروستکردنی کەڵێن و ڕاستییەکان دەشێوێنن، دەشڵێت: هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئازادکردنی پارێزگاکانی عێراق ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە؛ هاوکات پارتیش هەمیشە پشتگیری سوننەکانی کردووە و لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان نێوەندگیر بووە.
یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025، محەممەد عەباس، گوتەبێژی هاوپەیمانیی سیادە گوتی: ئێمە وەک هاوپەیمانیی سیادە لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتیمان، لێدوانی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی حزبی تەقدوم ڕەت دەکەینەوە و بە داخەوین بۆ ئەو هەڵوێستانە کە بە ئاراستەی دروستکردنی کەلێن هەنگاو دەنێت و ڕاستییەکان بەرانبەر بە هاوبەشێکی سەرەکی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە دەشێوێنێت.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی سیادە دەشڵێت: حەلبووسی دەیەوێت ئەو کارانە پەردەپۆش بکات کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە 2003وە تا ئێستا پێشکەشی عێراقی کردووە، پارتی پاڵپشتی و ڕۆڵی لە هاوسەنگی ڕاستەقینە و یەکگرتووی نیشتمانی هەبووە کە بناغە بووە بۆ ئەوەی عێراق تا ئێستا پێگەیشتووە و گەرەنتی پرۆسەی سیاسی بووە.
محەممەد عەباس لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەشی بەوە کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان چەندین ڕۆڵی گرنگی لە پاڵپشتیکردنی سوننەکان و ڕزگارکردنی پارێزگاکانمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەبووە؛ هێزەکانی پێشمەرگە شان بەشانی هێزەکانی دیکە بەشداریان لە ئازادکردنی پارێزگاکان کردووە و ژمارەیەکی زۆر شەهیدیان داوە، هەروەها پارتی بەردەوام پاڵپشتی سیاسی پێشکەشی سوننەکان کردووە لە کاتی پێکهێنانی حکوومەتەکانی عێراق، هەروەها لە ڕابردووش نێوەندگیربووە لە دروستکردنی سازان لەنێوان سەرکردەکانی سوننە.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی سیادە گوتیشی: ئێمە ئەو لێدوانانە حەلبووسی بە ئارەزووی کەسی دەبینین و دەیەوێت بگاتە پێگەیەکی دیاریکراو و خزمەت بەلایەنەکی دیکەی سیاسی دەکات کە ئەوانیش ئەو جۆرە لێدوانانەیان لە دژی هەرێمی کوردستان هەیە، داوا لە حەلبووسی و سەرکردەکانی دیکە دەکەین بگەڕێنەوە سەر گوتاری یەکگرتووی، ئەو گوتارەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک تەوەرێکی سەرەکی لە عێراق دەبینێت ئەگەر نا هیچ شوێنێکی عێراق سەقامگیر نابێت.
پێشتر محەممەد حەلبووسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی لاوازکردنی عەرەبەکان تۆمەتبار کردبوو.
هەروەها تەها محەممەد شەحادە، شێخی هۆزی لهێب، لەبارەی لێدوانەکانی محەممەد حەلبووسی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێمە وەک هۆزە عەرەبی و کاکەییەکان هیچ سیاسەتێکی حکوومەتی هەرێمان نەدیتووە کە عەرەب بکاتە ئامانج و بە بەرنامە کار لەسەر لاوازکردنمان بکات، وەکوو هەندێک کەس باسی دەکەن.
