ئینتیفاز قەنبەر: عێراق ئەو وڵاتە نییە جارێکی دیکە ئەمەریکا پشتیوانیی بکات
ئینتیفاز قەنبەر، سەرۆکی لێژنەی پاراستنی کورد لە واشنتن ئاماژە بەوە دەکات، گرووپە چەکدارەکان عێراقییان خستووەتە مەترسییەوە.
ئینتیفاز قەنبەر، سەرۆکی لێژنەی پاراستنی کورد لە واشنتن لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات گوتی: گرووپە چەکدارەکانی عێراق 62 کورسیی پەرلەمانیان لە هەڵبژاردن بەدەستهێناوە و بەشداریی پرۆسەی سیاسیی عێراق دەکەن، دەڵێت: ئەم گرووپە چەکدارانە هەموو عێراق دەخەنە مەترسییەوە ، ئەگەری هەیە هەرێمی کوردستانیش باجەکەی بدات، لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم میلیشیایانە، بەڵام ئەمە ڕاستییە کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، ئێمە دەمانەوێت ئەم پەیامە بە کۆشکی سپی و بە دیاریکراوی بە دۆناڵد ترەمپ بگەیەنین و پێیان بڵێین ئەمە قبوڵکراو نییە کە 62 ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەرچوون و سەر بە میلیشیاکان و گرووپە چەکدارەکانی عێراقن، هۆشداریی بە چوارچێوەی هەماهەنگی دەدەین و پێیان دەڵێم بەخۆیاندا بچنەوە، جێی ئەو گرووپانە لە حکوومەت نەکەنەوە و دەسەڵاتییان پێ نەدەن.
دەڵێت: ئێمە هەوڵ دەدەین سیاسەتێکی ئەمەریکی ئامادە بکەین، بەرچاوی ئەمەریکا و کۆشکی سپی ڕوون بکەینەوە و پێیان بڵێین، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئە میلیشیایانە بکەن، دەمانەوێت لە هەمان کاتدا پەیامێک بۆ بەغدا بنێرین، هەر کەسێک هاتە نێو حکوومەت، هەر کەسێک بووە سەرۆکی حکوومەت، ئێمە پەیامی هۆشدارییان پێدەدەین، ئەو کەسانە نەخەنە سەر پۆستی هەستیاری حکوومەت.
قەنبەر گوتی: دۆخێکی نوێ لە عێراق هاتووەتە پێش، کۆمەڵێک کەس وەک ئەندام پەرلەمان دەرچوون کە لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادان، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە پەیامەکەی خۆیدا بۆ عێراق بە ڕوونی دەڵێت: نابێت میلیشیا لە عێراق هەبێت، بۆیە دەرچوونی ئەم میلیشیایانە لەگەڵ پەیامەکەی نێردەی ترەمپ دژ بە یەکن، بۆیە دەبێت میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی عێراق لەم سەر ئێشەیە دوورکەوێتەوە.
سەرۆکی لێژنەی پاراستنی کورد لە واشنتن دەڵێت: کە میلیشیاکانی کەتائیب حزبوڵڵا ئیلزابیس سێرکۆفیان ڕفاند و سەرۆک وەزیران سوودانی ئەوی ڕزگارکرد، ئەمە بەس نەبوو، دەبوو سوودانی ئەو گرووپانەی سزادابووایە، چونکە ئەو فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراقە و بەرپرسیارەتی یەکەمی ئەوە، بەڵام نەیکرد، بۆیە ئەمە لە واشنتن دەنگدانەوەیەکی خراپی هەبوو، واشنتن لەمە نیگەرانە، هەر لەبەر ئەوە، لەمەودوا عێراق ئەو وڵاتە نییە کە ئەمەریکا گرنگیی پێ بدات، بەڵام کوردستان لەم چوارچێوەدا نییە.
لەبارەی بوونی ئەو گرووپە چەکدارانە لە پەرلەمانی عێراقدا، قەنبەر گوتی: من هاوسەنگی لە دەسەڵاتی عێراقدا نابینم، پێویستە گەل نوێنەرایەتی هەبێت، چۆن دەبێت عەسائیب ئەهل ئەلحەق و سادقون 28 کورسیان هەیە لەنێو پەرلەماندا، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان هەمان ژمارەی کورسی هەیە، لە کاتێکدا ملیۆنێک و 100 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، ئەمە نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە و ڕاستەقینەی خەڵک نییە، ئەمە هاوسەنگی نییە لە دەسەڵاتدا، هاوسەنگی نییە لە بەشداریی کردندا، بۆیە ئەگەری هەیە کارەسات ڕوو بدات، ئەمەش لە بەرژەوەندی داهاتووی عێراق نییە.
لەبارەی بەدەستهێنانی ئەو کورسیانەی گرووپە میلیشیاکان بەدەستیان هێناوە، ئینتیفاز قەنبەر گوتی: دەنگییان بە پارە کڕیووە، ئێستا هیچ دیموکراسیەتێک لە عێراق نییە، ئێستا ئەو گرووپانە وەزیریان هەیە، پارە و چەکیان هەیە، گرووپی چەکداریان هەیە، دەوڵەتیان لەناو دەوڵەت دروست کردووە، حکوومەتیان لەنێو حکوومەت دروست کردووە.
دەڵێت: سەبارەت بە عێراق، هەموو بژاردەیەک لەسەر مێزی ئەمەریکایە، بەتایبەت سزای ئابووری کە عێراق ئیفلیج دەکات، هاوکات ئەو پارەی نەوتی عێراق کە لە ئەمەریکاوە دێت و بە گرووپە چەکدارەکانی دژ بە ئەمەریکا دەدرێت، ئەمەریکا ئەوە قەبوڵ ناکات، بە دڵنیاییش تێڕوانینی ترەمپە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی بێنێت، ئەوەش لە عێراق نییە کە 250 هەزار سەربازیی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتن، بۆیە دەبێت عێراقییەکان باش لەوە بیر بکەنەوە و نەگاتە کردەی سەربازیی ئەمەریکا دژیان.
قەنبەر گوتی: پێم وانییە سوودانی بەختی ئەوەی هەبێت جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆک وەزیران، دوای برسیکردنی شەش ملیۆن کورد و ڕاگرتنی نەوتی کوردستان و نەدانی مووچەی خەڵکی کوردستان، دەڵێت: سوودانی حەیای فیدرالیزمی بردووە، ئەوە فیدراڵیزم نییە ئەوەی ئەو دەیکات، بۆیە دوای ئەو هەموو شتانە پێم وانییە چانسێکی بۆخۆی هشتبێتەوە پشتیوانی ئەمەریکا و کورد بەدەست بێنێت و جارێکی دیکەش ببێتەوە سەرۆک وەزیران.
