دەنگی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردن کەمیکردووە

ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەندێک لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی پێشبینییەکان بوو، بە جۆرێک کە دەنگەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆی دەنگی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەم هەڵبژاردنەدا گەیشتووەتە 516,776 دەنگ، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستاندا 564,707 دەنگیان بەدەستهێنابوو. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی 48 هەزار دەنگیان لەدەستداوە.

هۆکارەکان چین؟

چەند هۆکارێک بۆ ئەم پاشەکشەیەی دەنگەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەخرێنەڕوو. چاودێرێکی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەوەیە کە ئەم لایەنانە لەبری پەرەپێدانی بواری فیکری و خستنەڕووی ستراتیژێکی نیشتمانی ڕوون، زیاتر پشتیان بە وتاری توند و ڕەق بەستووە.

مەشخەڵ کەوڵۆسی، چاودێری سیاسی، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: "دەنگدەر دەپرسێت بۆچی دەنگ بە حیزبێک بدەم کە هیچ ئەدا و دەستپێشخەری و ستراتیژێکی ڕوونی نییە؟ ئەدەبیاتی سیاسی ئەم حیزبانە چییە؟ پێویستە ڕوئیایەکی ڕوونیان هەبێت بۆ پرسە گرنگەکانی وەک گەشەپێدانی مرۆیی و کێشەی بێکاری گەنجان."

لەلایەکی دیکەوە، نەبوونی ستراتیژ و بەکارهێنانی داواکاری هاووڵاتییان بۆ بەرژەوەندی کەسی و حیزبی، وەک هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی متمانەی خەڵک بەم لایەنانە دادەنرێت. هاووڵاتییەک بە ناوی ئەمیر محەممەد گوتی: لە جیهان ئۆپۆزیسیۆن چاودێرە بەسەر دەسەڵاتەوە، بەڵام بەداخەوە لێرە ئەوان نەیانتوانیوە ئەو ڕۆڵە ببینن و متمانەی خەڵکیان لەدەستداوە.

نەبوونی ڕوئیایەکی گشتگیر

شارەزایان پێیان وایە نەبوونی ڕوئیایەکی گشتگیر بۆ پرسە نیشتمانییەکان لە ڕابردوودا وای کردووە کە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەم هەڵبژاردنەدا باجەکەی بدەن. هەروەها جێبەجێنەکردنی ئەو بەڵێنانەی کە ساڵانێکە بە خەڵکی هەرێمی کوردستانیان داوە، بووەتە هۆی ئەوەی کە دەنگدەری ئۆپۆزیسیۆن بە ڕێژەیەکی کەمتر بەشداری هەڵبژاردن بکات و بەشێکی زۆری دەنگەکانیش پووچەڵ ببنەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment