قاهیرە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و ئاژانسی وزەی ئەتۆم چڕ دەکاتەوە
قاهیرە پاڵپشتیی لە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری دەرەوەی میسر، لەگەڵ هەر یەکە لە وەزیری دەرەوەی ئێران و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بە تەلەفۆن قسەی کردووە.
یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی میسر، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بە تەلەفۆن لەگەڵ هەر یەکە لە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە تەلەفۆن قسەی کردووە.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، بەدر عەبدولعاتی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لە گرنگی بەردەوامی هەوڵەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی پەرەسەندن و گرژییەکان، هەروەها دروستکردنی متمانە و ڕەخساندنی هەلومەرجی پێویست بۆ بەردەوامیی هەماهەنگییەکان کردووەتەوە. کە ئەمەش دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ چارەی دیپلۆماسی و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی هەمەلایەنە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات.
هەروەها عەبدولعاتی، جەختی لە بەردەوامی گفتوگۆ لە چوارچێوەی میکانیزمە فرەلایەنەکان کردەوە، کە پاڵپشتیی لە قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم دەکات لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
هەر ئەمڕۆ عراقچی لە بارەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئاماژەی بەوە کردبوو، وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، هەوڵی ئاشتی و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان دەدەن، هەروەها ئێمەش بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیی و هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ئەو وڵاتانە بەردەوامن.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتبووی: کۆمەڵێک ڕێسای ڕوون بۆ هاریکاریکردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەن، کە پێویستە لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخیش پابەندیان بین. تا ئەو کاتەی ڕێز لەو ڕێسایانە بگیرێت، هاریکارییەکانمان بەردەوام دەبن.
سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، ڕێککەوتنێک لە نێوان عەباس عراقچی، وهزیری دهرهوهی ئێران و ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە قاهیرە بە سەرپەرشتی بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، سەبارەت بە میکانیزمی کارکردن لە نێوان ئێران و ئاژانسەکە واژۆ کرا.
بەڵام لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2025، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاندبوو: وڵاتەکەی ئەو ڕێکەوتننامە هاوکارییەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەڵوەشاندووەتەوە کە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ واژۆ کرابوو.
لاریجانی ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەنجوومەنەکە تاوتوێی هەر پێشنیازێک دەکات کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ هاریکاری پێشکەشی بکات.
لای خۆیەوە ڕافایل گرۆسی، لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، دانی بەوە دانابوو، کە میکانزیمی گەڕانەوەی سازاکان "سناپباک" پەیوەندییەکانی نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و ئێرانی دژوار کردووە. بەڵام ڕایگەیاندبوو، لەگەڵ عراقچی لە پەیوەندی بەردەوام دان.
