دەقی گوتاری سەرۆک بارزانی لە کۆڕبەندی مێپس 2025

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و 120 سەرۆک و سەرکردە لە 25 وڵات لە دهۆک دەستی پێکرد.

سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا لە مێپس 2025، گوتی: ئەم کۆڕبەندە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، هیودارین لێکۆڵینەوەکانی ئەم کۆڕبەندە ئەنجامێکی ئەرێنی لێبکەوێتەوە و ئەم ئامانجانە بەدەست بهێنێت، کە ئەم کۆڕبەندەی بۆ دەبەسترێت.  گوتیشی: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی زۆر و مەترسیدار هەیە، ئومێدەوارین ئەم جۆرە کۆڕبەندانە ببێتە ڕێگەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو قەیرانانە، ئاماژەی بەوەشدا، هەندێ ڕووداو، گۆڕانکاریی و مێژوو دروست دەکەن.

سەرۆک بارزانی "پەیماننامەی سایکس پیکۆ ئاشتی و ئارامیی بۆ ناوچەکە نەهێنا"

سەرۆک بارزانی گوتی: هەندێک ڕووداو و گۆڕانکاریی گەورە دروست دەکەن، یان مێژوو دروست دەکەن، هەروەک بابەتی جەنگی یەکەمی جیهانیی و ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ گۆڕانکارییەکی گەورەیان لەم ناوچەیەدا دروستکرد. ئەو پەیڕەوەی کە بەپێی ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ دانرا، بەداخەوە،  ئاشتی و ئارامیی بۆ ناوچەکە نەهێنا. کێشە و گرفتی گەورەی دروست کرد و تا ئەمڕۆش هەموو گەلانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەست ئازارەکانی ئەو ڕێککەوتنەوە دەناڵێنن. لەوەیە کە گەلانی ناوچەکە زۆر بە جددی بیر لەوە بکەنەوە کەموکوڕییەکە لە کوێیە، ئەو کەموکوڕییە بێنن چارەی بکەن. هیچ گونجاو نییە ئێمە پێکەوە بژین و ڕێک نەبین و کێشە لە نێوانماندا هەبن. ئەگەر ئێمە کەموکوڕییەکەمان دەستنیشان کرد، چارەسەر زۆر ئاسان دەبێت، بەو مەرجەی نیەت و ئیرادە هەبێت. زۆر ئاسانە هەڵە بکرێت، بەس تاوانە بەردەوام بین لەسەر هەڵە.

خۆسەپاندن و دەست بەسەرداگرتنی هەموو بوارەکان، سەرکەوتوو نەبووە، نە لە عێراق، نە لە هیچ وڵاتێکی دیکەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەموو لایەکیشمان زیانلێکەوتوو بووین. دەبوو ژیانێکی خۆش و بەختەوەر بەسەر بەرین. ئەو گرفت و کێشانەی کە ئێمە لەگەڵ یەکتر دروستمان کردوون، مافی ئەوەمان نییە ئەو کێشانە بۆ نەوەکانی پاشەڕۆژ جێبهێڵین.

سەرۆک بارزانی "عەرەب و کورد هاوبەشن لەم نیشتمانەدا"

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا، وڵاتی عێراق دوای شەڕی یەکەمی جیهانیی لەسەر بنەمای هاوبەشی دامەزرا. پاش شۆڕشی 14ـی تەممووزی ساڵی 1958، بڕگەیەک نووسرایەوە کە دەیگوت "عەرەب و کورد هاوبەشن لەم نیشتمانەدا". ئەمە هێزێکی دایە هەموو عێراق و کەش و هەوایەکی وای لە عێراق و کوردستان دروست کرد کە ڕۆژانی زۆر خۆش بوون.

 لە 11ـی ئاداری 1970 ڕێککەوتنێک کرا لە نێوان سەرکردایەتیی شۆڕش و حکوومەتی عێراقیی ئەو سەردەمە. ماوەیەک بەردەوام بوو و دواتر سەرینەگرت. دەرەنجامی ئەو سەرنەگرتنەمان بینی؛ کیمیاباران بوو، ئەنفال بوو، وێرانکردنی گوندەکان بوو. هیچ کاتێک سەرکردایەتیی شۆڕش یەک دەرفەتیشی لەدەست نەدا بۆ چارەسەری ئاشتیانە. ساڵی 1963، بیر لەوە بکەنەوە کێ فەرمانڕەوای بەغدا بوو. هەر دەرفەتێکی ئاشتی هەبووبێت، ئێمە پێشوازییمان لێکردووە. ساڵی 1963، 64، 66، 70، تا 91. ئێمە سەلماندمان کە کورد ئاشتیخوازە و ئەو شتانەی بەسەرمان هاتووە لەبیرمان نەکردووە بەڵام تۆڵەمان نەسەندۆتەوە، چونکە ئێمە زۆر باش دەزانین، برایەتیی نێوان ئێمە و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە، زۆر بەهێزتر و گرنگترە لەو ناکۆکی و تاوانانەی کە لەلایەن حکوومەتەکان کراون. ناکۆکی لەگەڵ حکوومەت شتێکە و برایەتی و دۆستایەتی و تەبایی نێوان گەلان شتێکی دیکەیە.

سەرۆک بارزانی "نووسینەوەی دەستوور لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان بووە"

سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند، دەرفەتێکی زێڕین بۆ ئێمە هاتە پێش، پاش ڕووخانی ڕژێمی ساڵی 2003. لەسەر سێ بنەما هەنگاوەکانمان هاوێشتن: لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان. و لە ساڵی 2005 دەستوور بۆ عێراق نووسرایەوە. ئەو کاتەش ئێمە دەمانزانی کەموکوڕی تێدایە، بەڵام ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ دەستووری پێشوو، لەگەڵ دەستووری دەوروبەری خۆشمان، دەستوورێکی زۆر پێشکەوتووە، یاسایەکە لایەنە ئەرێنییەکانی زۆر زیاترن لە لایەنە نەرێنییەکانی. و دەستوورەکە ڕێگەی خۆشی دیاری کردووە بۆ ئەوەی ئەگەر کەموکوڕی هەبن، چارەسەر بکرێن. ئەو ڕۆژەی کە یاسا بنەڕەتییەکە تەواو بوو، من گەڕامەوە بۆ هەولێر و گوتم کە ئەم یاسا بنەڕەتییە وانییە هەموو شتێکی کە ئێمە دەمانەوێت تێیدابێت، بەڵام دەستوورەکە کە زۆر شتی تێدایە و پێویستە ئێمە شانازیی پێوە بکەین. دەستوور عێراقی گەیاندە قۆناغێکی نوێ. پەیوەندییەکانینێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ ڕێکخستەوە. بەندی دەستوور هەن کە ئێستا و بۆ داهاتووش ئێمە پشتیوانی لەو یاسا بنەڕەتییە دەکەین.

سەرۆک بارزانی "ئەو لایەی دەسەڵاتدارە و توانا و هێزی هەیە، زیاتر هەڵە دەکەوێتە سەر شانی ئەو"

سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە، ڕاستییەکەی دەبێت ئەم پرسیارە لە خۆمان بکەین، ئەم هەموو کێشانە، ئایا هەڵەی کوردە یان هەڵەی حکوومەتە. من هیچ لایەنێک بێبەری ناکەم، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو لایەی دەسەڵاتدارە و توانای هەیە و هێزی هەیە، زیاتر هەڵەکە دەکەوێتە سەر شانی ئەو. ئێمە هەموومان ئازارێکی زۆرمان کێشاوە، خوێنێکی زۆر ڕژاوە. ئەو دەرفەتەی لە 2003 هاتە پێش، هێشتا ئەو دەرفەتە ماوە، نابێت لەدەستی بدەین.

دەستوورمان هەیە، ئێمە پابەندین پێیەوە. و ئەو دەستوورە ڕێنیشاندەرە بۆ ئەوەی ئەگەر کێشەیەک هاتە پێش، چۆن چارەسەر بکرێت. ئێمە هیوادارین ئەو هەڵبژاردنەی چەند ڕۆژ لەمەوبەر کرا، ڕێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ڕێچکەی دروست و پرۆسەی سیاسیی لە عێراق بگەڕێتەوە بۆ ڕێچکەی ڕاست و دروستی خۆی، بۆ ئەوەی چیتر کێشە لە نێوانماندا نەمێنێت.

سەرۆک بارزانی "پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا دەکەین"

ڕوونی کردەوە، بە پێویستی دەزانم، خۆشحاڵی خۆم دەرببڕم بۆ پرۆسەی ئاشتی کە لە تورکیا دەستی پێکردووە. ئێمە پشتیوانییەکی گەرممان لێکردووە و پشتیوانیشی لێ دەکەین و هیوادارین بگاتە ئەو ئامانجەی کە خێری هەموو لایەکی تێدا بێت. هەروەها دەرفەتێکی زێڕینیش بۆ سووریا هاتۆتە پێش. هیوادارین هەموو پێکهاتەکان، کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی سووریا، بگەنە ڕێککەوتنێک لە نێوان خۆیاندا و لەگەڵ حکوومەتی ئێستا، بە شێوەیەکی ئاشتیانە، بە شێوەیەکی دیموکراتیانە، ئەو کێشانەی کە هەن چارەسەری بکەن و بگەنە ڕێککەوتنێک کە هەموو پێکەوە بە خۆشی بژین.

سەرۆک بارزانی "هەڵبژاردنی 11ـی 11 لە ڕووی تەکنیکییەوە زۆر سەرکەوتوو بوو"

سەرۆک بارزانی باسی لەوەشکرد، لە 11ـی 11ـ هەڵبژاردنێکی گرنگ لە عێراق کرا. من لێرە بە پێویستم زانی پیرۆزبایی لە هەموو گەلی عێراق بکەم، بۆ ئەم هەڵبژاردنە سەرکەوتووە. لە ڕووی تەکنیکییەوە زۆر سەرکەوتوو بوو، زۆر جیاواز بوو لەگەڵ ئەوانەی پێشوو. تەنانەت بۆ ئاگاداریتان، هەڵبژاردنەکانی پێشوو، من چوومە دواین دەرفەت کە درابوو بە من بۆ ئەوەی دەنگ بدەم یان نا، چونکە سیستەمی دەنگدانەکە زۆر ئاڵۆزبوو، بەڵام ئەمجارە لە یەکەم کەس بووم کە چووم دەنگم دا. ئەمجارە بە یەک خولەک هەموو شتێک تەواو بوو. لە ڕووی تەکنیکییەوە زۆر ڕێک و پێک بوو، و سوپاس بۆ خودا من نەمدی، نە لە باشوور، نە لە هیچ شوێنێک، هیچ کێشەیەک ڕووی نەدا کە ئەو کەش و هەوا خۆشە ناخۆش بکات. ئەمە جێگای دەستخۆشییە، هەم بۆ حکوومەتی فیدراڵی، هەم بۆ گەلی عێراق، هەم بۆ حکومەتی هەرێم، و پیرۆزبایی لە هەموو لایەک دەکەم.

زۆر بە پێویستم زانی کە ئەمە ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی هەنگاوی جددی لە دوای ئەم هەڵبژاردنانە بهاوێژرێن.

یەکەم: هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان. بە بڕوای من ئەم یاسایەی هەڵبژاردنی پێ کرا، یاسایەکی نادادپەروەرانە بوو و زیانی زۆری تێدابوو، و مافی زۆر خەڵکی شایستە خوراوە و خەڵکێکی ناشایستە مافی وەرگرتووە. ئێمە بە جددی لەگەڵ لایەنەکان هەموو هەوڵێک دەدەین ئەم یاسایە ڕاست بکرێتەوە چونکە لە ڕاستیدا ئەم یاسایە هیچ دادپەروەرییەکی تێدا نییە.

دووەم: کار بکرێت بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی، بەپێی بڕگەی 65ـی دەستوور. ئەمە زۆر گرنگە چونکە دڵنیایییەکە هەم بۆ هەرێم، هەم بۆ پارێزگاکان.

سێیەم: دادگای فیدراڵی دابمەزرێت، بەپێی بڕگەی 92 و 93.ـی دەستوور هەموو ئەم شتانە دەبێت لەگەڵ دەستوور گونجاو بن جێبەجێ بکرێن، نەک دوا بخرێن، چونکە ڕەنگە زۆر لە کێشەکان هۆکاری نەبوونی ئەم دامەزراوانە بن. بڕگەی 140جێبەجێ بکرێت و چیتر دوا نەخرێت. یاسای نەوت و غاز پەسەند بکرێت، کە گونجاو بێت لەگەڵ یاسای بنەڕەتی. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کێشە لە نێوان هەرێم و بەغدادا و پێویست ناکات هەبێت. ئەم یاسایە لە ساڵی 2007دا، ئامادە کراوە و نووسراوەتەوە. من ناچمە ناو وردەکارییەکانەوە، بەڵام دەبوو ئەو کاتە جێبەجێ بکرایە، بەڵام دواخرا و هەڵەیەکی گەورە بوو. هیوادارین ئەم یاسایەش جێبەجێ بکرێت و تەواو بێت.

پێویستە هەموومان پێکەوە هەوڵ بدەین، دەوڵەت ببێتە دەوڵەتی دامەزراوەکان. چیتر دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا نەبێتە ڕێگر و کێشە دروست بکەن. یاسا سەروەر بێت. هەر هاووڵاتییەک مافی خۆی و ئەرکی خۆی بزانێت. و تەرکیزێکی زیاتر بکرێتە سەر خزمەتگوزارییەکان بۆ سەرتاسەری عێراق. من وای دەبینم، خەڵکی ئێمە، هەموو لە کوردستان، لە ناوەڕاست، لە باشوور، ماندوو بوون لە دروشم. زۆر گوێیان لە دروشم بووە، خەڵک شتی کرداری دەوێت. کارەبای دەوێت، شەقامی دەوێت، نەخۆشخانەی دەوێت، پەروەردەیەکی ڕاست و دروستی دەوێت. هیوادارم هەموو لایەنەکان بیر لەوە بکەنەوە کە ئاستی ژیانی خەڵک بەرەو پێش بچێت. ئەوە دەبێتە دەرەنجامێکی باش.

سەرۆک بارزانی "داوا لە هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەکەم، بێن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن"

سەرۆک بارزانی گوتیشی: سەبارەت بە دۆخی هەرێم، لێرەش ساڵێک و مانگێکە هەڵبژاردنی هەرێم دواکەوتووە. هەر پاش ئەوەی کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیەندرا، ئێمە داوامان لە هەموو ئەو حزبانەی کە کورسییان هێنابوو، کرد کە بێن حکوومەتێکی بنکە فراوان پێکبهێنن. بەڵام نەیانکرد.

هیوادارم ئەم هەڵبژاردنەی فیدراڵیش کە کرا، ببێتە هاندەر بۆ ئەوەی جارێکی دیکەش، من لەم مینبەرەوە داوا لە هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەکەم، بێن و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پێکبهێنرێت. هیوادارم پێکەوە، هەردوو حکوومەت پێکبهێنرێن بۆ ئەوەی قورسایی و سەنگی هەموو لایەک پارێزراو بێت. هیوادارم لایەنە کوردستانییەکان باشتر لە وتارەکەی من تێبگەن. ئێستا دۆخ و هەلومەرجێک کە لە دوای هەڵبژاردنە فیدراڵییەکان هاتۆتە ئاراوە، هەمان هەلومەرجی پێشوو نییە. بەپێی شایستەیی هەڵبژاردن، هەموو لایەنێک دەگاتە مافی خۆی.

سەرۆک بارزانی "هێشتا مەترسی داعش ماوە"

سەرۆک بارزانی دەشڵێت: بابەتێکی دیکەی گرنگ، ئەو مەترسیانەن کە ڕووبەڕووی عێراق و ناوچەکە هەمووی بوونەتەوە. مەزنترین هەڕەشە تا ئێستاش پرسی تۆقاندنە کە هێشتا تەواو نەبووە. و دیاردەی داعش، دیاردەیەکی مەترسیدارە و نابێت بە هیچ جۆرێک لێی بێئاگا بین. هەر کاتێک دەرفەتی خۆیان ببینن، ماوەیەکی زۆر ناخایەنێت، داعش جارێکی دیکە خۆی نوێ دەکاتەوە. بۆیە پێویستی بە هەماهەنگییەکی تەواو هەیە لە نێوانماندا، هەموو حزبە سیاسییەکان، لەگەڵ حکوومەت، حکوومەتی هەرێم. و پێویستیشمان بە یارمەتی و پشتیوانیی دۆستەکانمان لە دەرەوە هەیە، بە چ شێوەیەک و بە چ شێوازێک دەبێت، ئەوە دەمێنێتەوە بۆ ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەت لەگەڵ دەوڵەتان بۆ ڕێکخستنی ئەو پەیوەندییە. بەڵام ئەگەر بڵێین پێویستمان بە یارمەتی نییە و هەڕەشەی داعش نەماوە، بە بڕوای من خۆمان لە ڕاستییەکان دەشارینەوە. داعش ماوە و پێویستیمان بە هاوکاریی دۆستەکانمان لە دەرەوە هەیە.

سەرۆک بارزانی "پێویستە بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان سزا بدرێن"

سەرۆک بارزانی ئاماژەی دا، مەترسییەکی دیکە، کە لە هەمووی مەترسیدارترە، پرسی ماددە هۆشبەرەکانە. بەداخەوە، زۆر گەنجی ئێمە، لە کوردستانەوە تا بەسرە، تووشی ئەم دەردە بوون، بە شێوەیەک کە بەرنامەیەکی ڕێک و پێک هەیە بۆ ئەوەی ماڵی ئێمە وێران بکەن. بۆیە پێویستییەکی زۆر هەیە کە دەزگا ئەمنییەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکان، کارێکی زۆر جددی بکەن بۆ نەهێشتنی ئەم ماددە هۆشبەرانە. ئەوانەی بازرگانیی پێوە دەکەن تاوانبارێکی زۆر گەورەن. ئەوانەی کارگەی ماددە هۆشبەرەکان دادەنێن، لەو بازرگانانە تاوانبارترن. ئێمە هیوادارین حکوومەتی داهاتوو، چ فیدراڵی و چ حکوومەتی هەرێم، هەماهەنگییەکی تەواو بکەن بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم تاوانبارانە دابنرێت و سنوورێک بۆ ئەم هەڕەشە جددییە دابنرێت. و ئەوانەی بازرگانی دەکەن و کارگەی ماددە هۆشبەرەکان دادەنێن، سزا بدرێن و دادگایی بکرێن.

مەترسییەکی دیکە، پرسی توندڕەویی نەتەوەیی و تائیفییە، کە هیچ جارێک ئێمە سوودمان لێ نەبینیوە و خێریشمان لێ نەبینیوە. بەداخەوە هەندێک جار ئێمە گوێمان لێ دەبێت هەندێک لایەن ئەو قسانە دەکەن، بەس هیوادارم تەنیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بێت و نەبێتە سیاسەتی هیچ لایەنێک، چونکە ئێمە هیچ خێرێکمان لێی نەبینیوە و لێشی نابینین.

دۆخی جیهان بە گشتی هەمووی قەیرانە، بەڵام قەیرانە مەترسیدارەکان لە ناوچەی ئێمەدان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. هیوادارین هەر قەیرانێک هەبێت، بە ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەر بکرێت. سەبارەت بە پەیوەندی ئێمە لەگەڵ عێراق، هیوادارین عێراق تێکەڵی ئەو ململانێیانە نەبێت، گەلی عێراق بپارێزرێت و عێراق نەبێتە گۆڕەپانی ململانێی لایەنە دەرەکییەکان. و هیوادارین لایەنەکانیش ڕەچاوی دۆخی عێراق بکەن. هێشتا خەڵکی ئێمە بریندارن، هێشتا وڵاتی ئێمە ئاوەدان نەکراوەتەوە و چیتر بەڵای دیکە بەسەرماندا نەهێنن، خوای گەورە قبوڵی نەکات.

خاڵی کۆتایی کە دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم، پرسی پێکەوەژیانە. کوردستان شانازی بەوە دەکات، ئەم فەرهەنگە لە هەموو عێراقدا زۆر بەهێزتر و ڕەگی داکوتاوە. هیوادارین هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی ئێمە پێکەوەژیان دەوڵەمەندتر و قووڵتر بکەین، چونکە لە ڕاستیدا عێراق وڵاتێکی فرەنەتەوە، فرەئایین، فرەمەزهەبە و دەبێت هەموومان هاوبەش بین لەم وڵاتەدا و هەموو لایەک ئەرکی خۆی بزانێت و مافی خۆشی بزانێت.

 

 

 

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

 

 

Fly Erbil Advertisment