ئەحمەد داودئۆغلۆ: تورکیا دەیەوێت پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت
سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دا هەیە، هەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری و گەشەسەندنەوە پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەحمەد داود ئۆغلۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا، لە دیدارێکی تایبەت دا لەگەڵ کوردستان24، ڕایگەیاند: مێپس25، پرۆژەیەکی سەرکەوتووە، دووەمجارە سەردانی دەکەم، هەموو سەردکردەکان لێرە گفتوگۆدەکەن، هەربۆیە سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆڕبەندە، پەیوەندیمان لەگەڵ مەسرور بارزانی بۆ 25 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و پەیوەندییەکی بەهێزە، لە کاتە زۆر سەختەکاندا پەیوەندی و متمانەی بەهێز لەنێوانماندا هەبووە، هەروەها سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانیش هاورێی نزیکی منن.
داود ئۆغلۆ گوتی: کاتێک داعش ویستی هێرش بکاتە سەر هەولێر، سوپای وڵاتەکەم ڕاسپارد بە هەموو جۆرێک هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن و تەنانەت لە بنکە سەربازییەکان ڕاهێنانی سەربازییان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکرد.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا زۆر گرنگە، هیوادارم هیچ کاتێک هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دروست نەبێت، بەڵام لە کاتی هەبوونی بە دڵنیاییەوە پشتیوانی ئەم هەرێمە دەبین.
ئەحمەد داودئۆغلۆ، باسی لەوە کرد، زاخۆ زۆر گۆڕاوە و پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، سەرسامی کردم، بۆ ئەم پێشکەوتنە پیرۆزبایم لە مەسرور بارزانی کرد، هەولێر و دهۆک و زاخۆ بەراورد بە شارەکانی دیکەی عێراق زۆر پێشکەوتووە.
هەروەها دەشڵێت: هاوسەرەکەم سیاسی نییە، بەڵام لە هەستەکانی من باش تێدەگات، هەرێمی کوردستانی زۆر خۆشدەوێت بەتایبەتی هەولێر و دهۆک، هەر بۆیە کاتێک پرۆسەی ئاشتی لە ساڵی 2013 شکستیهێنا لە دڵەوە زۆر خەمبار بووم و فرمێسک لە چاوەکانم بارین و هاوسەرەکەم بەمە زۆر دڵگران بوو، جونکە ئێمە هەموومان مرۆڤین.
ئەحمەد داودئۆغلۆ گوتیشی: پرەنسیپی من بەرانبەر کورد نەگۆڕاوە، ئەو کاتەی وەزیری دەرەوەی بووم، بەهۆی ناوهێنانی کوردستان و ئاڵای کوردستان لە هەولێر، خەڵکانێکی زۆر تووشی سەرسورمان بوون، هەروەها ئێستاش تورکیا دەیەوێت پەیوەندی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت.
دەربارەی پرۆسەی ئاشتی جەختی لەوە کردەوە، پاڵپشتی لە پرۆسەکە دەکەین و بە ڕوونی ڕا و بۆچوونەکانی خۆمان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی گەیاندووە، حزبەکەمان لە پەرلەمانی تورکیا لەو لیژنەیە دایە کە بۆ پرۆسەی ئاشتی پێکهێندراوە، ئەمڕۆ لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە دووپاتمکردوە دەبێت پشتگیری و هاوکاری سەرەک پرۆسەکە بن، هەروەها پێویستە سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێت، چونکە نابێت هیچ کەسێک لەسەر بابەتی سیاسی زیندانی بکرێت.
