ڕێبەر ئەحمەد: پێکهێنانی کابینەی نوێ کاری لە پێشینەی پارتییە
ڕێبەر ئەحمەد، ئاماژە بەوە دەکات، دەرگای گفتوگۆ بۆ هەموو لایەنەکان کراوەیە بۆ بەشداربوون لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک، رێبەر ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کورستان تایبەت بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری لە پێشینەی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانە، سەرکردایەتی پارتی گرنگی زۆر بەم بابەتە دەدات، کاتێک سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوە دەکات هەلومەرج لە دوای هەڵبژاردنی عێراق جیاواز دەبێت ڕەنگە هەندێک لایەنی دیکە بیانەوێت بەشداری لە پێکهێنانی حکوومەت بکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، دەرگای گفتوگۆ بۆ هەموولایەنەکان کراوەیە بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێ و بۆ ئەوەی بە زووترین کات پێکبهێندرێت و سەرۆک بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە هەموو لایەنەکان بەگوێرەی قەبارەی هەڵبژاردن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
کۆڕبەندی مێپس
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) لە زانکۆی ئەمەریکی- کوردستان لە دهۆک، دەستی پێکرد و بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
هەر یەکە لە سەرۆک مەسعود بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسی، ئەکادیمییەکان، نووسەران و توێژەرانی ئەمەریکای باکوور، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارن.
ئامانجی سەرەکی مێپسی ئەمساڵ، تاوتوێکردنی ململانێ و ئالنگارییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی درێژخایەن و بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا. چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان تیشک بخەنە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتیی، لەگەڵ ڕوانینێک بۆ ئاسایشی گشتیی و سەقامگیری ناوچەکە.
دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 وەک سپۆنسەری میدیایی کۆڕبەندەکە، لەماوەی ڕۆژانی بەڕێوەچوونیدا، ڕووماڵی کارەکانی کۆڕبەندی مێپس 2025 دەکات.
