مەسرور بارزانی لە مێپس: سەرکەوتنی هەڵبژاردن لە حزب و لایەنە سیاسییەکان پیرۆز دەکەم
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە "مێپس 2025" سەرکەوتنی هەڵبژاردنی عێراق لە حزبە سیاسییەکان پیرۆز کرد. هاوکات هیوای خواست ڕاسپاردەکانی کۆڕبەندەکە یارمەتی چارەکردنی کێشەکان بدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2025، شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2025) لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک دەستیپێکرد. لە گوتاری دەستپێکیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و هیوای خواست کە ڕاسپاردەکانی کۆڕبەندەکە ببنە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە.
جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند: "ئەم کۆڕبەندە شەشەمین ساڵە بەڕێوەدەچێت بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ئەم ناوچەیە."
سەرۆکی حکوومەت هیوای خواست "دەرئەنجام و ڕاسپاردەکانی ئەم کۆڕبەندە بکەونە بەردەستی دەسەڵاتداران و بەرپرسان بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن و تەنیا لە چوارچێوەی گفتوگۆدا نەمێننەوە."
پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە گەلی عێراق و لایەنە سەرکەوتووەکان کرد و بە "سەرکەوتنێکی گەورە" ناوی برد.
پشتگیریکردنی یانەی زاخۆ
لە کۆتایی گوتارەکەشیدا، سەرۆک وەزیران داوای لە ئامادەبووان کرد کە پشتگیری لە هاندەرانی یانەی وەرزشیی زاخۆ بکەن کە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) پاڵێوراون بۆ خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵ.
دەقی گوتاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی (مێپس2025):
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
زۆر بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی؛ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ؛ بەڕێز فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ بەڕێزان جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران؛ بەڕێز مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق؛ بەڕێز ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا؛ بەڕێز دکتۆر بشر خساونە، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئوردن؛ بەڕێزان سەرۆکی حزب و لایەنە سیاسییەکان؛ دیپلۆماتکاران، کەسایەتییە ئەکادیمییەکان، قوتابییە خۆشەویستەکان؛ بەڕێز نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، دکتۆر محەممەد حەسسان؛ میوانە بەڕێز و خۆشەویستەکان، خوشک و برایانی بەڕێز، هەموو لایەک بەخێربێن، زۆر بەخێربێن بۆ کۆڕبەندی مێپس، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم کۆڕبەندە شەشەمین ساڵە بەڕێوەدەچێت بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ئەم ناوچەیە. بێگومان بەشداری ئێوە لەم کۆڕبەندەدا دەوڵەمەندتری دەکات و یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەرکەوتنی. هیوادارم کاتێکی خۆش بەسەر بەرن و دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی کۆڕبەندەکە دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
هیوادارین دوای تەواوبوونی کۆڕبەندەکە، ئەو ڕاسپاردانەی لێرە ئامادە دەکرێن، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن، بکەونە بەردەستی دەسەڵاتداران و بەرپرسان بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن.
جێگەی خۆیەتی پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەموو لایەک بکەم، کە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ گەلی عێراق. دەستخۆشی و سەرکەوتن بۆ لایەنە سەرکەوتووەکان و هەموو خەڵکی عێراق دەخوازم.
جێگەی خۆیەتی، داوا لە هەموو بەشداربووان دەکەم، لە لایەن فیفاوە یانەی زاخۆ پاڵێوراوە بۆ باشترین هاندەر و پاڵپشتی تۆپی پێی، بە گوێرەی پێوەرەکانی فیفا، هیوادارم هەمووتان پێکەوە پشتگیری یانەی زاخۆ بکەن و پشتگیری وەرزش لە یانەکانی کوردستان و عێراق بکەن.
