مەسرور بارزانی لە مێپس: داوا لە هەموو لایەک دەکەم دەنگ بە هاندەرانی زاخۆ بدەن
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی داوا لە هەموو لایەک دەکات دەنگ بە هاندەرانی زاخۆ بدەن بۆ ئەوەی خەڵاتی باشترینی هاندەری ساڵ بباتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتاری بەخێرهاتنی لە شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2025) پێشکەش کرد.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە بەشێکی گوتارەکەیدا باسی لە وەرزشی کوردستان و عێراق کرد و داوای لە ئامادەبووان کرد، پشتگیری لە هاندەرانی یانەی وەرزشیی زاخۆ بکەن و دەنگیان پێ بدەن، کە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) پاڵێوراون بۆ خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵ.
ئەمە لە کاتێکدایە چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکی فراوان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هاندەرانی یانەی زاخۆ دەستیپێکردووە؛ کە لە لایەن فیفاوە وەک یەکێک لە سێ کاندیدی کۆتایی بۆ بردنەوەی خەڵاتی "باشترین هاندەری سال" دەستنیشان کراوە.
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی باشترین هاندەری جیهان تاوەکو رۆژی 28ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و کەمتر لە دوو هەفتە لەبەردەم هاندەران و خەڵکی کوردستاندا ماوە بۆ دەنگدان و سەرخستنی یانەی زاخۆ بۆ بەدەستهێنانی ئەم ناسناوە.
