سزاکانی ئەمەریکا بوونە هۆی داخستنی گەورەترین کێڵگەی نەوتی عێراقی

گەورەترین کێڵگەی نەوتی عێراق دووچاری کێشە بووەتەوە و بەرهەمهێنانی نەوت تێیدا وەستاوە، عێراق هەوڵدەدات کۆمپانیایەکی ناوخۆیی کارەکانی کێڵگەکە وەگەڕبخاتەوە، بەڵام پێناچێت سەرکەوتووبێت.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمپانیای لوک ئۆیلی ڕووسی کارەکانی لە کێڵگەی نەوتی (قرنە دوو) ڕاگرت و بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیە وەستا.

کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە گرێبەستی لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەیە، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە ناتوانن بەردەوامیی بە گرێبەستەکەیان بدەن، ناچارن عێراق بەجێبهێڵن.

عەلی نزار شەتڕی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند؛ لوک ئۆیل بەبێ ڕێککەوتن کارەکانی ڕاگرتووە، ڕاستە سزاکانی ئەمەریکا کێشەیان دروستکردووە، بەڵام دەبێت لایەنی عێراقی لە بڕیارەکەدا بەشدار بێت ئەوکات وادەی ڕاگرتنی کارەکان ڕابگەیەنرێت.

جەختیش دەکاتەوە؛ هێشتا سزاکانی ئەمەریکا نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کۆمپانیای لوک ئۆیل پێشوەختە بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانی داوە.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت؛ پلانیان هەیە کۆمپانیایەکی ناوخۆیی جێگەی لوک ئۆیل بگرێتەوە، بۆئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە بەردەوام بێت کە بەرهەمی ڕۆژانەی دەگاتە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوت.

ئەمەریکا پاکێجێکی نوێی سزای بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە لە کۆتایی ئەم مانگەوە جێبەجێ دەکرێت، سزاکان رێگری دەکەن وڵاتان مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە ڕووسییەکان بکەن، بەو هۆیەوە ئەگەر لوک ئۆیل نەوتی عێراق بەرهەمبهێنێت، عێراق ناتوانێت شایستە داراییەکانی بۆ حەواڵە بکات چوونکە دووچاری سزا دەبێتەوە، بۆ جێگرەوەی ئەوە دەتوانرێت بە نەوتی خاو یان بە پارەی یەکێک لەو دوو وڵاتە بەشێوەی کاش مامەڵە بکرێت، بەڵام دیارە کۆمپانیا ڕووسیەکە هیچیەک لەو بژاردانە بە گونجاو نازانێت.

 
Fly Erbil Advertisment