عێراقییەکان پێنجەم کڕیاریی خانوون لە تورکیا

دەستەی ئاماری تورکیا ڕایگەیاند، عێراقییەکان لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2025 زیاتر لە هەزار خانوویان لە تورکیا کڕیوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، دەستەی ئاماری تورکیا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە تێێدا هاتووە، "عێراقیەکان لە کڕینی خانوو لە تورکیا ڕیزبەندی پێنجومی جیهانیان گرتووە، کە لە 10 مانگی ئەمساڵدا، هەزار و 55 خانوویان کڕیوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراقیەکان لە مانگی یەکی ئەمساڵ، 103 خانوویان کڕیوە، لە مانگی شوبات 99 خانوو، لە مانگەکانی ئادار و نیسان 72 بە 70 خانوویان کڕیوە، هەروەها لە مانگی ئایاردا بۆ 104 خانوو بەرزبووەتەوە، دواتر لە مانگی حوزەیران بۆ 97 خانوو دابەزیوە".

ڕوونیشیکردەوە، لە مانگی تەممووزدا ڕێژەی کڕینی خانوو لەلایەن عێراقییەکانەوە گەیشتووەتە 120 خانوو، لەکاتێکدا لە مانگی ئابدا گەیشتووەتە 118 خانوو، لە مانگی ئەیلوولدا 146 خانوو و لە مانگی تشرینی یەکەمدا گەیشتووەتە 126 خانوو.

دەستەی ئامارئشکراشی کرد، "کڕینی خانوو لەلایەن عێراقییەکانەوە لە 10 مانگی یەکەمدا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 3.6% زیادی کردووە، کە پارساڵ هەزار و 17 خانوویان کڕیووە، هەروەها بە ڕێژەی 64% بەراورد بە ساڵی 2023 کەمیکردووە، کە هەزار و 733 خانوویان کڕیبوو."

دەستەی ئامار باسی لەوەشکرد، "ڕووسەکان لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەورەترین کڕیاری خانوو بوون بە  دوو هەزار و 835  خانوو، دواتر ئێرانییەکان بە هەزار و 499 خانوو پلەی دووەمیان گرتووە، پاشان ئۆکراینییەکان هەزار و 189 خانوو و دواتر ئەڵمانییەکان بە هەزار و 120 خانوو."

عێراقییەکان لە ساڵی 2015ەوە ماوەیەکی زۆر لە پێشەنگی لیستی وڵاتانی جیهان بوون لە کڕینی خانوو لە تورکیا، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2021دا ڕیزبەندییەکەیان دابەزی بۆ پلەی دووەم و کەوتنە دوای ئێران.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment