کۆمەڵەى کەلەپوور و فۆلکلۆرى کورد یادی دامەزراندنی خۆی دەکاتەوە
کۆمەڵەى کەلەپوور و فۆلکلۆرى کورد، یادى 34 ساڵەى دامەزراندی خۆی کردەوە؛ سەرۆکى کۆمەڵەکەش، پلانى کارى داهاتویان ڕادەگەیەنێت.
چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمەڵەی کەلەپوور و فۆلکلۆری کورد، لە هۆڵی یەکێتیی نووسەرانی کورد، لقی سلێمانی، بە ئامادە بوونی ژمارەیەک لە نووسەران و هونەرمەندان، یادی 34 ساڵەی دامەزراندنی خۆی کردەوە.
محەممەد مەردان، سەرۆکی کۆمەڵەی کەلەپوور و فۆلکلۆری کورد، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند " ئێمە هەر لەسەرەتاوە هەوڵمان داوە بۆ ژیانەوە و بووژاندنەوەی کەلەپوور و فۆلکلۆری گەلەکەمان، نەک تەنیا لە باشوور، بەڵکوو لە ڕۆژهەڵات و باکووریش ئەو کارەمان کردووە."
محەممەد مەردان، گوتیشی: پلانی داهاتوومان ئەوەیە هەوڵ بدەین بابەتە فۆلکلۆری و کەلەپوورییەکان بخرێنە ناو بەرنامەی خوێندنەوە، هەر لە قۆناغی باخچەی منداڵانەوە تا دەگاتە زانکۆکان. هەر قۆناغە و بە گوێرەی ئاستی خۆی. بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو لەو پاشخانە کولتوورییە دانەبڕێت.
بەندی عەلی، نووسەر، گوتی: ئەم کۆمەڵەیە کاری زۆر گرنگ و باشیان کردووە، نەوەی نوێ بە کەلەپوور و فۆلکلۆری کوردیی ئاشنا دەکەن. چونکە هەر گەلێک لە کەلەپوور و فۆلکلۆری خۆی داببڕێت، لە داهاتوودا زۆر شت لە دەست دەدات.
