ڕاوێژکارێکی نووری مالیکی: ئامانجی کۆبوونەوەکانمان لە هەولێر خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت بوو

ڕاوێژکاری سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وردەکاری گفتوگۆکانی هەولێر دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیەنێت، ئامانجیان دیاریکردنی پشکی حزبەکان نەبووە، بەڵکوو دانانی نەخشەڕێگایەک بووە بۆ ئەوەی بە "خێرایی" حکوومەت پێکبهێنرێت؛ جەختیش دەکاتەوە لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی ڕوون لەسەر یاسای هەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی هەردوو لا

شەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2025، عەباس مووسەویی ڕاوێژکاری نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی باس لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، پرۆسەی سیاسی کراوە، هەروەها باس لەوە کراوە کە پێویستە کاندیدەکان بۆ پۆستەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و حکوومەت یەکلا بکرێنەوە و ناوی کاندیدەکان بە شێوەیەکی خێرا پێشکەش بکرێن،

دەشڵێت: باسی ئەوە نەکراوە کێ ئەو پۆستە وەردەگرێت یان کام حزب پۆستەکان پڕ دەکاتەوە، بەڵکوو بە گرنگ زانراوە هەر پێکهاتەیەک بەرکەوتووەکانی خۆیان یەکلا بکەنەوە.

ڕاوێژکاری نووری مالیکی لە بارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: کۆبوونەوەکەمان زۆر ڕوون بوو ، باس لە کێشەکان هەولێر و بەغدا و یاسای هەڵبژاردن و تێبینییەکانی سەر یاساکە ئەو هەڵە تێگەیشتنەی لە یاساکان لە ڕابردوو هەبوو کرا، سەردانەکە سەرکەوتوو بوو، هەموو هەوڵەکانیش لەپێناو زوو پێکهێنانی حکوومەتە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە، نووری مالیکی بە سەردنێکی فەرمی گەیشتە هەولێر و بە جیا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبووەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment