ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور لە بارەی دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە هۆشداری دەدات
ڕێکخەری فریاکەوتنی پزیشکانی بێ سنوور لە کەرتی غەززە، ڕایگەیاندووە، بڕی ئەو هاوکاری مرۆییانەی دەگاتە غەززە، هێشتا لە خوار ئاستی پێویستە، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لە کەرتی غەززە ڕوو دەدات.
شەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2025، فرانتس لۆڤ، ڕێکخەری فریاکەوتنی پزیشکانی بێ سنوور لە کەرتی غەززە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاندووە، ئەگەر دۆخی ئێستای کەرتی غەززە باشتر نەکرێت، دانیشتووانی غەززە جارێکی دیکە ڕووبەڕووی بارودۆخی سەختی زستان دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەش داوە، ئاگربەستی 10ی تشرینی یەکەمی 2025، کۆتایی بە ئازاری خەڵکی غەززە نەهێناوە، بەڵکوو تاوەکوو ئێستا فەلەستینییەکان بەهۆی بەردەوامی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیلەوە دەکوژرێن و دەستگیر دەکرێن.
فرانتس لۆڤ، لە بارەی گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە، گوتی، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و لێدوانی وڵاتان لە بارەی باشتربوونی دۆخەکە، بە تایبەتی گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە، بەڵام بە هۆی بەربەستەکانی ئیسرائیل گەیشتنی هاوکارییەکان سنووردار کراوە، ئەمەش بارودۆخی خەڵکی ناوچەکەی خراپتر کردووە.
باسی لەوەش کردووە، هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل تاوەکوو ئێستا بەردەوامیان هەیە، زۆربەی هێرشەکان لە خان یونس، لە باشووری کەرتی غەززە، لەو ناوچەیەوە سەرچاوە دەگرن کە سوپای ئیسرائیل بە "هێڵی زەرد" ناوی دەبات.
جەختیشی لەوە کردەوە، خەڵکی ناوچەکە زانیاری تەواویان نییە لە بارەی "هێڵی زەرد" و نازانن چۆنە و لە کوێ تاوەکوو کوێ ناوچەی هێڵەکەیە، دەشڵێت: دوو ڕۆژ لەمەوبەر هەلیکۆپتەرێکی ئیسرائیل تەقەی لە بنکەی تەندروستی "ئەلمەواسی" کردووە"، بەردەوام ڕووداوی لەو شێوەیە لە نزیک ئەو هێڵە ڕوو دەدەن، هەندێک جار تەنانەت لەو دیوی هێڵەکەشەوە سوپای ئیسرائیل تەقە لە هاووڵاتییان دەکەن.
لۆڤ، ئاماژەشی داوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاگربەستەوە هاوکارییە مرۆییەکان نزیکەی بە تەواوی وەستاون، بۆیە لە تەواوی کەرتی غەززە، یەک دامەزراوەی تەندروستی بە تەواوی کار ناکات؛ هاوکات پێویستە دەستبەجێ لە کەرتی غەززە، هاوکارییە پزیشکی و مرۆییەکان زیاد بکرێن، بۆ ئەوەی بتوانن لە ماوەیەکی کەم و بەپەلە کەرتی تەندروستی ببووژێننەوە و چارەسەری پێویستی ئەو کەسانەش بکەن کە لە دۆخێکی تەندروستی باشدا نین.
ڕاشیگەیاندووە، خەڵکی غەززە، لە دۆخێکی سەختی ژیاندان، تووڕە و بێزارن، چونکە سەرەڕای شەڕ و نەهامەتی زۆر، خێمەی پێویست نەهاتووەتە ناو کەرتی غەززە، بۆیە بەشێکی خەڵکەکە لە پێویستی پاراستنی باران و سەرما بێ بەشن، بۆیە داوا دەکەین لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەو وڵاتانەی دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لە سەر ئیسرائیل، فشاری زیاتر لە ئیسرائیل بکەن بۆ ئەوەی ڕێگە بدات هاوکارییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی فراوانتر بێنە ناو خاکی کەرتی غەززە.
