ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشبڕکێی دامە لە بۆکان بەڕێوە چوو
پێشبڕکێی دامە بە بەشداریی زیاتر لە 50 یاریزانی پارێزگاکانی سنە و ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری بۆکان بەڕێوە چوو.
پێشبڕکێکە بە شێوازێکی پرۆفیشناڵ و لەسەر شێوازی یارییە نێودەوڵەتییەکانی دامە و بە بەکارهێنانی کاتژمێری تایبەت بەڕێوە چوو.
بەڕێوەبەرانی پێشبڕکێکە دەڵێن "ئامانجیانە لاوان بەرەو ئەم یارییە هان بدەن و ئەم پێشبڕکێیانەش ئامادەکارییە بۆ ئەوەی لە ئەمساڵی کوردیدا و تا بەر لە نەورۆز، پشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیی دامە لە بۆکان بەڕێوە ببەن."
لوقمان شەهابی، بەڕێوەبەری دەستەی یارییە خۆماڵییەکانی شاری بۆکان، بە کوردستان 24ـی گوت: دهمانهوێت گهنج و لاوهکان لەگەڵ یارییە خۆماڵییە کوردەوارییەکاندا ئاشت بکەینەوە. هیوادارین پێش نەورۆز و دەستپێکی ساڵی تازەی کوردی، پێشبڕکەیەکی دامە، لە ئاستی جیهانییدا بە میوانداریی شاری بۆکان ساز بکەین.
یاریزانانی دامە، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان 'دامەباز'یان پێ دەگوترێت، لە شارەکانی مەریوان، سنە، سەقز، بانە، بۆکان، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، نەغەدە و مەهابادەوە بۆ بەشداری لەم پێشبڕکێیە هاتوونەتە بۆکان. بەشێک لەم دامەبازانە ئەزموونی بەشداریی لە یارییەجیهانییەکانیشیان هەیە.
حسێن خالیدی ، دانیشتووی سەقز، دەڵێت: من 33 ساڵە دامە دەکەم، ئەمە چەندەمین پێشبڕکەیە تێیدا بەشدار دەبم، لە ڕاستیدا ئاستی ئەم پێشبڕکەیە زۆر باش بوو.
ئەبووبەکر شەم، دامەزانێکی دانیشتووی مەهابادیش گوتی: 22 ساڵە دامە دەکەم. دوو سێ دانە جار پلەی یەکەمم بردووەتەوە. دامە یارییەکی جیهانییە و پێچەوانەی ئەوەی کە خەڵک لایانوایە تەنیا لە کوچە و بازاڕە کۆنەکاندا دەیکەن. ئێستا دامە بووە بە یارییەکی جیهانی.
دامە، ئەگەرچی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لایەنگری زۆرە و لە سەرجەم شار و گوندەکان بەڕێوە دەچێت، بەڵام هێشتا وەک یاری، یا وەرزشێک لە لایەن فەرمانگە وەرزشییەکانەوە بە فەرمی نەناسراوە و نە بودجەی بۆ دابین دەکرێ و نە دامەبازەکانیش شوێنی تایبەتی خۆیان هەیە.
ناسر شیری، بڕاوەی خەڵاتی کۆمەڵەی دامەی بۆکان، دەڵێت: داوا لە بەرپرسان دەکەم وەک چۆن بایەخ بە یاریی شەترەنج دەدەن، ئاوڕێکیش له دامه بدهنهوه. لە ڕاستیدا خەڵکانێکی زۆر لەم شارەدا یاری دامە دەکەن بەڵام هێشتا جێگەیەکی تایبەتیان نییە تێیدا کۆببنەوە و یاری تێدا بکەن.
پێشبڕکێکانی بۆکان لە حەوت گەڕدا و و لە ماوەی ڕۆژێکدا لە هۆڵی دەستەی شەترەنجی ئەم شارە بەڕێوە چوو و لە کۆتاییشدا کەسانی یەکەم تا سێهەم خەڵات کران.
بەڕێوەبەرانی پێشبڕکێکە هیوادارن تا کاتی بەڕێوەچوونی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی دامە لە بۆکان، ببنە خاوەنی هۆڵ و شوێنی شیاوی خۆیان.
