عێراق.. پێنج لایەنی سوننی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانییان پێکهێنا

پێنج لایەنە سەرەکییەکەی سوننە لە بەغدا کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی 'ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی'.

یەکشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2025، پێنج لایەنی سەرەکییەکەی سوننە لە بەغدا کە پێکهاتبوون لە؛ پارتی تەقەدووم، پارتی عەزم، هاوپەیمانیی سەروەری، هاوپەیمانیی حەسمی وەتەنی و پارتی جەماوەر، کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکەش ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکدا هاتووە، لایەنە سیاسییە سونییەکانی عێراق، ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی 'ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی'، کە دەبێتە چەتری کۆکەرەوەی لایەنە سوننەکان.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، پێکهێنانی ئەنجوومەنەکە دەبێتە هۆی یەکخستنی هەڵوێست، دیدگا و بڕیاری پێنج لایەنە سەرەکییەکەی سوننە لە عێراق.

پێنج لایەنی سەرەکییەکەی سوننە، دەشڵێن: ڕێککەوتن کراوە کە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکە بە بەردەوامی بە درێژایی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەردەوام بێت.

سەرۆکەکانی پێنج لایەنە سوننییەکە دووپاتیان کردەوە، کە ئەنجوومەنەکە بە ڕووی هەموو هاوبەشە نیشتمانییەکاندا کراوە دەبێت، پابەند دەبێت بەو پرەنسیپە هاوبەشەکان کە پارێزگاری لە یەکڕیزی و سەقامگیریی عێراق دەکەن، هەروەها پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی بە بێ جیاوازی، لەسەر بنەمای دیدگایەکی نیشتمانی بە ئامانجی بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و دادپەروەرانە کە هەمووان لەخۆ بگرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment