پەردە لەسەر پەیکەری نالی شاعیر لادرا
لە گوندی قەرەگۆڵی سەربە شارۆچكەی شارەزوور بە ئامادەبوونی مامۆستایانی ئایینی، ھونەرمەند و شاعیر و نووسەران پەردە لەسەر پەیكەری نالی شاعیر لادرا.
پشكۆ محەممەد، ھونەرمەند بە كوردستان24ـی ڕاگەیاند :دروستكردنی پەیكەرێك بۆ نالی شاعیر كە پڕۆژەكەی دیاری حەمە جەزابووە كارێكی گرنگ و پیرۆزە، شارەزووریش شایستەی ئەم كارە ھونەرییە بووە، چونكە نالی خەڵكی ئەم ناوچەیەیە و موڵكی تاك بەتاكی كوردە و موڵكی ھەموو كوردستانە.
مەلا خدر ئەحمەدی شاوەیسی ئاڵی بەگی میکایلی ناسراو بە نالی شاعیر، لە گوندی خاک و خۆڵ، لە دەشتی شارەزوور لە دایكبووە.
ھەر لە تەمەنی منداڵی چووەتە بەر خوێندن لە حوجرە و لە شارەكانی سنە، مەھاباد و ھەڵەبجە و سلێمانی خوێندوویەتی، دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی، نالی مامۆستایەكی دیار و رۆشنبیرێکی گەورەی لێدەردەچێت، بێجگە لە زمانی دایکی کە کوردی بووە زمانەكانی فارسی، تورکی و عەرەبیشی بە باشی زانیووە، تەنانەت شیعریشی پێ نووسیوون.
