لە هەولێر گەورەترین پێشانگای بازرگانی بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2025، لە هەولێر، گەورەترین پێشانگای بازرگانی تایبەت بە پاکەتکردن لە قوتوو و پلاستیکی، لەگەڵ پیشەسازیی کشتوکاڵ و خۆراک، بە بەشداری زیاتر لە 300 کۆمپانیا دەکرێتەوە.
هۆشمەند محەممەد، ڕێکخەری پێشانگا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند کە بۆ جاری هەشتەمە گەورەترین پێشانگای نێودەوڵەتی دەکرێتەوە و ئامانجیان بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان و ناساندنییەتی بە وڵاتانی جیهان.
ئەم پێشانگا نێودەوڵەتییە بە بەشداری 352 کۆمپانیا لە 20 وڵاتی جیهان بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 15 هەزار میوانی پسپۆر بەشداری تێدا بکەن.
لە کۆی ئەو 352 کۆمپانیایە، 62 کۆمپانیایان ناوخۆیین و بەرهەمەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێن، بەتایبەت ئەو بەرهەمانەی کە لە بواری کشتوکاڵیدان، لە پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە تاوەکو بەرهەمهێنان بۆ بازاڕ و ناساندنیان بە کۆمپانیا جیهانییەکان.
ئەو وڵاتانەی بەشداری پێشانگاکە دەکەن بریتین لە ئێران، تورکیا، هیندستان، چین و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
ئەم پێشانگایە لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا لە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر زیادی کردووە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگەی پڕۆژە و بڕیارەکانییەوە هاندەر و پشتگیریکار بووە بۆ جووتیاران. هەروەها حکومەت ئاسانکاری بۆ کەرتی تایبەت دەکات و کار لەسەر بوژاندنەوەی پیشەسازیی کشتوکاڵیش دەکات.
