وەزارەتی ناوخۆی سووریا: تاوانەکەی شارۆچکەی "زەدیل" لە ئاژاوەی نەتەوەیی ناچێت
گوتەبێژی وەزارەتی ناخۆی سووریا، ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هچ بەڵگەیەک نییە بسەلمێنێت ئەو تاوانەی لە شارۆچکەی "زەدیل" ڕوویداوە، کردەوەیەک بێت بۆ ئاژاوەگێڕی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکان بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2025، نورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناخۆی حکوومەتی سووریا، ڕایگەیاند، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو تاوانەی لە " زەدیل" ڕوویداوە، تەنها کردەوەیەکی تاوانکاری بووە، هاوکات هەوڵێک بووە بۆ نانەوەی ئاژاوەی نەتەوەیی، هەروەها هەموو هەوڵەکان لە لایەن پۆلیسی لێکۆڵینەوە و تاوانکارییەوە لە بەرچاو دەگیڕێن و بە ئاشکرا و شەفافیەت کاری لە سەر دەکەن.
ئەلبابا، ئاماژەی بەوەشکردووە، فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە حومس بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای سووریا و پۆلیسی سەربازی دەستبەجێ ڕێوشوێنی ئەمنیان گرتووەتەبەر، لەوانە بڵاوە پێکردن و دانانی خاڵی پشکنین و جێگیرکردنی هێز لە گەڕەکەکان، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی بە خێرایی بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
باسی لەوەشکردووە، ڕۆڵی دانیشتووان لە بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتیی گرنگە، هاوکات هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ئارامی بۆ هەموو گەڕەکەکانی شارەکە، ڕوونیشیکردەوە کە هێزە ئەمنییەکان، هەندێک تێکدەریان دەستگیرکردووە کە هەوڵی لەناوبردن و زیانگەیاندنیان بە موڵک و ماڵی هاووڵاتیان داوە.
جەختی لەوەشکردەوە، هەندێک لایەن هەوڵدەدەن ڕووداوەکان بقۆزنەوە بە بڵاوکردنەوە و گێڕانەوەی درۆ و تۆمەتی هەڵبەستراو لە ڕێگەی سۆشیالمیدیاوە، بە ئامانجی ناسەقامگیری وڵات و تێکدانی ئاشتی ناوچەکە، داوای لە هاووڵاتیان کرد، بە هەواڵی درۆ یان چەواشەکارانە هەڵنەخەڵەتێن کە مەبەست لێی هاندانی ناکۆکییە لە نێوان نەتەوەکانی سووریا.
دوای شەپۆلێک لە هێرشی تۆڵەسەندنەوە و هەوڵی ئاژاوەگێڕی لە پارێزگای "حومس"، حکوومەتی سووریا بڵاوەی بە هێزێکی ئەمنی زۆر کرد کە ناوچەکە و قەدەغەی هاتووچۆکردنی ڕاگەیاند، ئەمەش بۆ پاراستن و کۆنترۆڵکردنی هاووڵاتیان و ئەو گرژییانە بوو کە چەند ڕۆژێک بوو لەو شارە ڕووی لە پەرەسەندن کردبوو.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاندووە، ئەم گرژییانەش دوای هات کە تەرمی ژنێک و مێردەکەی لە ماڵێکی شارۆچکەی" زەدیل" دۆزرانەوە، بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرابوون، هاوکات تاوانبارەکان لە شوێنی تاوانەکە دوای سوتاندنی تەرمی ژنە کوژراوەکە، شوێنەواری ئاژاوەی نەتەوەییان جێهێشووە.
بە گوێرەی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی قوربانیانی کردەوەکانی تۆڵەسەندەوە و کوشتن، لە ساڵی 2025دا بەرزبوەتەوە بۆ زیاتر لە 1150 تاوانی کوشتن لە سەرجەم پارێزگاکانی ئەو وڵاتە.
