بڕیارێکی حکوومەتی عێراق جووتیارانی تووڕە کردووە

لە پارێزگای نەجەف، جووتیاران دژی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق خۆپیشاندانیان کرد. ناڕەزایان دەڵێن، ئەم بڕایارەی حکوومەت وایکردووە، بەروبوومەکانیان لە بازاڕدا بەهای نەمێنێت و زیانی زۆریان پێبگات.

جووتیارێکی ناوچەکە قسەی بۆ کوردستان24 کردووە، دەڵێت، " کاتێک وەرزی پێگەیشتنە لە ناوچەکەمان، حکوومەت کێشەمان بۆ دروست دەکات، وەک ئەوەی دژی جووتیاران بێت و نەهێڵێت جووتیاران کاری کشتوکاڵی بکەن، بە بڕیارێک سنوورەکان دەکەنەوە، ئەمەش زیانمان پێدەگەێنێت. ئێمە خاوەنی خێزانین و هەژارین، دەمانەوێ حکوومەت وەکو باوکێک سەیری ئێمە بکات، دەمانەوێ حکوومەت بۆ ماوەیەک سنوورەکان دابخات، چونکە ئێستا وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمەکانمانە نامانەوێت زیانمان پێبگات."

جووتیارێکی دیکە دەپرسێت، "ئایا مەترسی هەیە ئەگەر حکوومەت ماوەیەک سنوورەکان دابخات و تەماتەی ناوخۆ لە بازاڕەکاندا ساغ بکاتەوە؟ دەڵێم نەخێر، چونکە بەرهەمێکی زۆرمان هەیە، نرخەکەی بەرز نابێتەوە، ئەمەش بۆ جووتیار و کڕیار باشە، هەروەها تەماتەی ناوخۆ زۆر لەو جۆرە تەماتانە باشترە کە هاوردە دەکرێت."

جووتیاران جەختیان لەوە کردووەتەوە، نرخی یەک کیلۆ تەماتە بۆ کەمتر لە 250 دینار دابەزیوە، ئەمەش وەکو گورزێکی ڕوخێنەرە بۆ ئەوان، هاوکات دەرگاکانی بەردەوامی لە کاری جووتیاری بەڕوویاندا دادەخات و هەڕەشەیەکە بۆ داڕمانی وەرزی کشتوکاڵی بەرهەمە ناوخۆییەکان. 

جووتیارێکی کە بەرهەمی تەماتەی هێناوتە علوەی نەجەف، بە نیگەرانییەوە باس لە دۆخی جووتیارانی ناوچەکە دەکات و دەڵێت، "زیانێکی زۆرمان پێدەگات، چونکە بەرهەمەکانمان بە ماندووبوون  و قەرزێکی زۆر گەیاندووەتە ئەمڕۆ، ئێستاش هاتووین لە بازاڕ ساغی بکەینەوە، بەڵام هیچ قازانجێکمان دەست ناکەوێت، هەر سندوقێک تەماتە بە کەمتر لە 15 هەزار دینار بفرۆشین زەرەر دەکەین، بەڵام ئێستا ناچارین یەک سندوق تەماتە بە کەمتر لە حەوت هەزار دینار بفرۆشین، بەڕاستی زیانێکی زۆرمان پێگەیشتووە".

جووتیاران هۆشداری دەدەن، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ناچار دەبن بە شێوەیکی بەرچاو لە کاری کشتووکاڵی دوور بکەونەوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری ناوخۆ دەبێت و بەرهەمە ناوخۆییەکانیش بە ڕێژەیەکی زۆر کەم دەکات و نرخیش بەرز دەبێتەوە. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment