سزای لەسێدارەدان بۆ بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی بەغدا دەرچوو

ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، دادگای تاوانەکانی ڕەسافە بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی بەغدا سەپاند. 

دادگای تاوانەکانی ڕەسافە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە،  "سزای لەسێدارەدان بەسەر بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی بەغدا سەپێندرا."

ئاماژەی بەوەشداوە، "ئەو سزادراوە دوای دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، لەگەڵ گرووپێکی چەکدار هەڵیانکوتابووە سەر بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵی بەغدا و ئەو بەرپرسەی لە جێگەکەی دانرابوو، دواتر لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا بووەتە پێکدادان، کە لە ئەنجامدا کارمەندێک و هاووڵاتییەکی مەدەنی کوژران چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون."

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو سزایە بە پێی ماددەی چواری/1 و ماددەی 2/1/3/5 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە 13ـی ساڵی 2005 دەرچووە.

چۆنیەتی ڕووداوەکە

یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی بەغدا بە پەیامنێری کوردستان24، شڤان جەباری ڕاگەیاندبوو، لە گەڕەکی شەهیدانی ناوچەی سەیدیەی بەغدا شەڕ و پێکدادان لە نێوان حەشدی شەعبی و لیوای حەوتی پۆلیسی فیدراڵی ڕوویدا، سەرچاوەکەی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، شەڕەکە لە سەر زەوی کشتواڵی بووە، لە ئەنجامدا نۆ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

هەر ئەوکات وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەنەدراوێکدا ئاشکرای کرد، "لە فەرمانگەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لەگەڵ هاتنی بەڕێوەبەرێکی نوێ، گرووپێکی چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتییەکە."

ئاماژەی بەوەش کردبوو، "کاتێک پۆلیسی فیدراڵی گەیشتبوونە شوێنی ڕووداوەکە و ڕاستەوخۆ لەلایەن چەکدارانەوە هێرشیان کراوبوویە سەر، لە ئەنجامدا ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون."

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکرابوو، "هێزە ئەمنییەکان توانیان 14 لەو چەکدارانە دەستگیربکەن کە دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەبووە.


 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment