لە چاوەڕوانی ئەنجامی دانووستانەکانی جەنگی ئۆکرانیا.. نرخی نەوت دابەزی

ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پێشبینییەکان بۆ دروستبوونی زیادەی خستنەڕوو لە ساڵی 2026دا.

لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا، نرخی گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی خاوی برێنت 27 سەنت دابەزی و گەیشتە 63.10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هاوکات نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمەریکیش 23 سەنت دابەزی و بە 58.61 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.

پسپۆڕانی ئابووری هۆکاری ئەم دابەزینە دەگەڕێننەوە بۆ نادڵنیایی لە ئەنجامی دانووستانەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا. ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ دووشەممە، بەهۆی زیادبوونی گومانەکان لە ڕێککەوتنی ئاشتی و مەترسی لەسەر دابینکردنی نەوتی ڕووسی، نرخەکان بەڕێژەی 3.1% بەرزبوونەوەیان تۆمار کردبوو.

لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی سزاکانی سەر کۆمپانیاکانی "ڕوسنەفت" و "لوک ئۆیڵ"، هەندێک لە پاڵاوگەکانی هیندستان، بەتایبەت کۆمپانیای "ڕیلایەنس"، کڕینی نەوتی ڕووسییان کەمکردووەتەوە. وەک کاردانەوەیەکیش بۆ سنوورداربوونی بژاردەکانی فرۆشتن، ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ڕایگەیاند کە مۆسکۆ و پەکین تاوتوێی زیادکردنی هەناردەی نەوتی ڕووسی بۆ چین دەکەن.

سەبارەت بە داهاتووی بازاڕەکەش، "دۆیچە بانک" لە تێبینییەکدا پێشبینی کردووە لە ساڵی 2026دا زیادەی خستنەڕووی نەوت بگاتە لایەنی کەم دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، و ئاماژەی بەوە کردووە کە تا ساڵی 2027 ئاسۆیەک بۆ گەڕانەوەی دۆخی کورتهێنان بەدی ناکرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment