فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی تاراندا دەسوڕێنەوە

سەرچاوەیەک لە سوپای پاسدارانی ئێران، ڕایگەیاندووە، ئەو فڕۆکە جەنگییانەی بە ئاسمانی تاراندا دەسوڕێنەوە سەر بە هێزی سەربازیی ئێرانن و مەبەستیان چاودێریکردنی ئاسمانی وڵاتەکەیە. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرچاوەیەکی سەربازی لە سوپای پاسداران، بە میدیا ناوخۆییەکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە، ئەو فڕۆکە جەنگییانەی بە ئاسمانی تارانەوە بینراون، فڕۆکەی سەربازیی ئێرانییە و بە مەبەستی چاودێریکردنی ئاسمانی تاران بڵاوەیان پێکراوە. 

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەیانی زووەوە فەرمان بە فڕۆکەوانەکان کراوە بە ئاسمانی تاراندا بسوڕێنەوە، لە ئەگەری هەبوونی هەر مەترسییەک سوپا ئاگادار بکەنەوە، ئەگەر پێویست بکات وەڵامی هەڕەشەکان بدەنەوە.  

سەرچاوەکە ڕوونکردنەوەی زیاتری لە بارەی فڕینی ئەم فڕۆکە جەنگییانە نەداوە، تەنیا باسی لەوەکردووە، ئەم کارەیان بە مەبەستی پاراستن و چاودێریکردنی ئاسمانی وڵاتەکەیان بووە لە بەرانبەر ئەگەری هەبوونی هەر جموجۆڵێکی نامۆ یان هەڕەشەیەک.

ێوارەی ڕۆژی سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025،  سەرچاوە میدیاییە جیاجیاکانی عێراق هەواڵی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانیان لە نزیک سنووری ئێران لەگەڵ عێراق بڵاوکردەوە.

میدیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویانکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا مانۆڕی ئاسمانییان بەسەر پارێزگای میسان ئەنجامداوە کە نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوورە.

لەبەرانبەردا پلاتفۆرمی (قودس)، سەر بە سوپای پاسداران ڕایگەیاند، "ئەو فڕۆکانەی بەسەر ئاسمانی میساندا بینراون، ئەمەریکی نین بەڵکو ئیسرائیلین، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەبارەی ڕێڕەوی فڕین یان لایەنی پشت ئۆپەراسیۆنەکە بخاتەڕوو".

لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمەریکا، بە چڕی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردومان کرد و جەنگەکە  12 ڕۆژی خایاند، لە بەرانبەردا ئێران بە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان وەڵامی دایەوە، ئەمەش بووە هۆی لەناو بردنی ئەو دانووستانە ئەتۆمییانەی کە لە مانگی نیسانەوە لە نێوان تاران و واشنتن دەستیان پێکردبوو.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment