مەسرور بارزانی: فشاری تەواو لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین هەموو مووچەکانی ئەمساڵ بنێرن
چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی مووچە، نەدەبوایە ئەوەندە دواش بکەوێت، هەموو هەوڵیشمان بۆ ئەوەیە کە هیچ مووچەی ئەمساڵ نەفەوتێت و فشاری تەواویش دەکەین لەسەر حکوومەتی فیدراڵی کە هەموو مووچەکان بنێرن.
مەسرور بارزانی لەبارەی پرسی مووچە و پێکهێنانی باسی لەوەشکرد، هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی مووچە، نەدەبوایە ئەوەندە دواش بکەوێت، جێی داخە کە ئێستا ئێمە چاوەڕێی مووچەی مانگی 'نۆ' ین، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 کردووە یان خەریکە دەستی پێدەکات.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم جەختیشی کردەوە، ئێمە هەمیشە گفتوگۆمان لەسەر ئەوە کردووە و داوامان کردووە کە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی لە کاتی خۆیدا بنێرن، ئێستاش چاوەڕێ دەکەین، ئەوەی بیستوومانە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە بە زووترین کات ئەو مووچانە بنێرن. بەڵام ئەمە تەنیا مووچەی مانگی نۆ نییە، ئێمە خەریکین بەرەو کۆتایی ساڵ دەڕۆین و هەموو هەوڵیشمان بۆ ئەوەیە کە هیچ مووچەی ئەمساڵ نەفەوتێت و فشاری تەواویش دەکەین لەسەر حکوومەتی فیدراڵی کە هەموو مووچەکان بنێرن.
دەشڵێت: ئەگەر ئەمە نەکرێ، دەبێ گلەییەکە ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵی بکرێت، چونکە حکوومەتی هەرێم هەموو پابەندبوونەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە لە دابینکردنی داهاتی نانەوتی، لە فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە، هەموو ئەو ئەرکانەی کە لەسەر هەرێمی کوردستانن جێبەجێ کراون، ئیتر ئێستا نۆرەی حکوومەتی فیدراڵییە کە ئەوانیش بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان
گوتیشی: سەبارەت بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی تر، پێشتریش ئەم پرسیارە کراوە و وەڵامیشمان داوەتەوە کە هەلومەرجێکی نوێ هاتووەتە پێشەوە، ئێمە زۆر هەوڵماندا پێش هەڵبژاردنەکانی حکوومەتی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک بێت، کە بێگومان ئەو وەختە مرونەتی زیاتر و هەلی زیاتریش لەپێش بوو، بەڵام لایەنەکانی تر وایان پێخۆش بوو کە بابەتەکە دوا بخرێت تاوەکو هەڵبژاردنی عێراق دەکرێت، ئێستاش هەر وەکو خۆیان ویستوویانە هەلومەرجێکی نوێ هاتووەتە پێشەوە، ئێمەش بەپێی ئەو هەلومەرجانە هەڵسوکەوت دەکەین.
