دەستەی مافی مرۆڤ داوای سۆراخی کاروان کەلاریی ڕۆژنامەنووس دەکات

دوای ئەوەی ڕۆژنامەنووسێک لە گەرمیان دەستگیر کرا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای سۆراخی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەکات و دەڵێت: پێویستە لایەنە ئەمنییەکانی ئیدارە سەربەخۆکە، هەر چی زووە هۆکاری دەستگیرکردنی کاروان کەلاری ڕوون بکەنەوە.

چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا داوای سۆراخی کاروان کەلاریی ڕۆژنامەنووسی کرد.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی هەواڵی ئەوەمان پێ گەیشت کاروان کەلاری، ڕۆژنامەنووس لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە گەرمیان دەستگیر کرا، بۆ ئەو مەبەستە دەستەکە لە ڕێگەی نووسینگەی گەرمیانی مافی مرۆڤ بەدواداچوونی کرد لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لە سنوورەکە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، دەڵێت: تاوەکوو ئێستا بە فەرمی وەڵاممان نەدراوەتەوە لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسەکە، بۆیە پێویستە هەر چی زووە لایەنە ئەمنییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، هۆکاری دەستگیرکردنی کاروان کەلاری بە کەسوکاری و ڕای گشتی بڵێن.

دەستەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە نزیکەوە لە بەدواداچوون و سۆراخکردنی کاروان کەلاری، ڕۆژنامەنووس بەردەوام دەبێت.

 
Fly Erbil Advertisment