هاوپەیمانیی مەسیحی: پەلاماردانی کوردستان، دەستدرێژییە بۆ سەر هەموو عێراق
هاوپەیمانیی مەسیحی بە توندی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و سەرجەم پێگە ستراتیجییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنە دەکات.
پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەم 2025، هاوپەیمانیی مەسحیی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەو کردووە "گرووپە میلیشیا چەکدارەکان کە لە دەرەوەی یاسادا چالاکن، بەم کارە تاوانکارییانەیان دژایەتیی دەسەڵاتی فیدراڵی دەکەن و دەبنە هۆی لاوازکردنی بنەما دەستوورییەکان و ئەو دامەزراوانەی کە پارێزگاری سیستەمی دیموکراتی دەکەن."
لە ڕاگەیەنراوەکەی هاوپەیمانیی مەسیحدا هاتووە "هاوپەیمانیی مەسیحی بە توندی هێرشە تیرۆریستییە بەردەوامەکان سەرکۆنە دەکات کە دەکرێنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و سەرجەم پێگە ستراتیجییەکان لە هەرێمی کوردستاندا. ئەم دەستدرێژییە تاوانکاری و تیرۆریستییانە تەنیا دژایەتیی گەلی کوردستان نییە، بەڵکوو زەبرێکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و سەقامگیریی ئابووری و دەسەڵاتی دەوڵەت و ئاسایشی گشت هاووڵاتییان."
ڕاگەیەنراوەکە جەخت لەو دەکاتەوە "گرووپە میلیشیا چەکدارەکان کە لەدەرەوەی یاسادا چالاکن، بەم کارە تاوانکارییانەیان دژایەتیی دەسەڵاتی فیدراڵی دەکەن و دەبنە هۆی لاوازکردنی بنەما دەستوورییەکان و ئەو دامەزراوانەی کە پارێزگاری سیستەمی دیموکراتی دەکەن. ئەوانە هەروا پاشخانی نیشتمانیی دەخەنە مەترسییەوە. لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر وزەی کارەبا دەداتە عێراق، کەچی ئەوانە بە درۆن و مووشەک هێرش دەکەنە سەر ئەو دامەزراوە ستراتیجییانە."
هاوپەیمانیی مەسیحی، لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەیدا دەڵێت: ناکرێت هەرێمی کوردستان سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و تەکنەلۆجیای خستنەخوارەی درۆنی نەبێت، تاکوو بتوانێت شادەمارەکانی وزە و هاووڵاتیانی بپارێزیت. ئێمە پشتیوانیی بانگەوازی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانمان بە زووترین کات ئەو جۆرە سیستەمە بدەن بە هەرێم.
هاوپەیمانیی مەسیحی، ئەم کردەوەیەی بە گەشەسەندێکی مەترسیدار لەقەڵەم دا و دوای بەخێرایی چارەکردنی کێشەی گرووپە چەکدارە نایاساییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی کرد و گوتی: لە هیچ سیستەمێکی دیموکراسیدا جێگەی میلیشیا و گرووپی چەکدار نابێتەوە کە پێچەوانەی یاسا هەڵسوکەوت بکەن و سەروەری و ئاسایشی وڵات بخەنە مەترسییەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەی هاوپەیمانیی مەسیحدا هاتووە "ئێمە پشتیوانیی گەلی کوردستان دەکەین لە بەرەنگار بوونەوەی تیرۆریستان و داوا لە حکوومەتی فیدراڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەین بە زووترین کات هەنگاوی کردەیی بۆ ڕێگریی لەم کارە تیرۆریستیانە بنێن و تاوانکاران بدەنە دادگا و سزایان بدەن. چونکە، پەلاماردانی کوردستان، دەستدرێژییە بۆ سەر هەموو عێراق و بەرگریی لە کوردستان، بەرگرییە لە گشت عێراق."
