وەزیری کارەبا وادەی ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبای ڕاگەیاند
وەزیری کارەبا ڕایگەیاند، ئەگەر تەنیا کۆگای کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرابێتە ئامانج، لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوودا دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان (بە وەکالەت)ـی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە زیانەکانی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی کرد.
"بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 1300 – 1400مێگاوات کەم بووەتەوە"
وەزیری کارەبا ڕایگەیاند، هێرشە "تیرۆریستییەکە" نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەی شەوی ڕابردوو (دووشەممە، 26ـی تشرینی دووەم)، کراوە. ئاماژەی بەوەش دا، هێزە ئەمنییەکان سەردانی کێڵگەکەیان کردووە و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە و سەرچاوەکەی دەکەن.
وەک ئەوەی کەمال محەممەد ساڵح باسی کرد، پێش هێرشەکە، ڕۆژانە نزیکەی 530 ملیۆن پێ سێجا غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەم دەهێنرا و هەناردەی 15 وێستگەی هەرێمی کوردستان دەکرا؛ کارەبای بەرهەمهاتووش بەسەر شارەکانی هەرێمدا دابەش دەکرا و بەشێکیشی دەدرایە عێراق.
بە گوتەی ناوبراو، بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، نزیکەی 2700 – 300 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان کەمی کردووە و ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ نزیکەی 1300 – 1400 مێگاوات کەم بووەتەوە. گوتیشی، ئەو بڕە، بە گوێرەی پشکی پارێزگاکان، بەسەریاندا دابەش دەکەن، بۆ ئەوەی نەخۆشخانە، قوتابخانە و دامەزراوە گشتی و حکوومییەکان بێ کارەبا نەبن.
وەزیری سامانە سروشتییەکان (بە وەکالەت) ئاماژەی بەوە دا، یەکێک لە بەرهەمەکانی کێڵگەی کۆرمۆر، غازی شلی ماڵان بوو، بۆیە هەر شەوی ڕابردوو، نە نووسراوێکی فەرمی داوایان لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە، بڕە نەوتی پێویست بۆ دابینکردنی غازی ماڵا دابین بکەن و "ئەوانیش بەڵێنیان داوە تا سبەی بەیانی، بڕە نەوتی پێویستمان بۆ بنێرن، بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک بۆ هاووڵاتییان دروست نەبێت."
کەمال محەممەد ساڵح، باسی لەوە کرد، وەزیری کارەبای عێراقیش پەیوەندی پێوە کردووە و هەموو یارمەتییەکی بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕووی دابینکردنی کارەباوە دەربڕیوە و "سوپاسی هەڵوێستی هەردوو وەزارەتەکە دەکەین."
"داواکاریی سەرەکیی ئێمە سیستەمی بەرگرییە"
وەزیری کارەبا گوتیشی "داواکاریی سەرەکی ئێمە، کە پێش چەند ڕۆژێکیش لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی ئەمەریکی باسمان کردووە، دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییە و پێویستە بە زووترین کات دابین بکرێت بۆ ئەوەی چیدیکە کێڵگە نەوتی و غازییەکانی هەرێمی کوردستان نەکرێنە ئامانج."
ئەو، دووپاتی کردەوە، بە ئامانجگرتنی کێڵگە غازی و نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، زیان بە هەموو لایەک دەگەیەنێت و هیچ لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە، بۆیە "پێویستە ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستگیربکرێن و ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە، تا چیدیکە هێرش نەکرێتە سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان."
کەی دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە؟
کەمال محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەش دا، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان، تیمێکی وەزارەتەکەیان و کۆمپانیاکان، سەردانی کێڵگەکە دەکەن و زیانە تەکنییەکانی هێرشەکە دەستنیشان دەکەن.
وەک خۆی گوتی "ئەگەر لە هێرشەکەدا تەنیا کۆگای کێڵگەی کۆرمۆر کرابێتە ئامانج و هیچ زیانێکی دیکەی نەبووبێت، پێشبینی دەکەم، لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئاسایی ببێتەوە."
وەزیری کارەبا ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی شەش مانگەی لەگەڵ خاوەنی مۆلیدە ئەهلییەکان واژۆ کردووە و بە گوێرەی گرێبەستەکە، لە حاڵەتێکدا ئەگەر دابینکردنی کارەبای گشتی کێشەی تێکەوت، ئەوان کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین بکەن و حکوومەتیش لەو کاتەدا، پارەکەیان دەدات، نەک هاووڵاتی؛ ئێستاش خاوەن مۆلیدەکان بە گوێرەی ئەو گرێبەستەیە، کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین دەکەن.
