کیێڤ و مۆسکۆ بە نێوەندگیریی ئەمەریکا گفتوگۆی ئاشتی دەست پێ دەکەن
هەردوو وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا و ڕووسیا، جەخت دەکەنەوە، کە گفتووگۆکانی کۆتاییهاتنی شەڕی نێوانیان بەردەوامە، هاوکات کۆبونەوەی نوێ بەڕیوە دەچن.
پێنجشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2025، کیێڤ و مۆسکۆ لە لێدوانەکانیاندا، ئاماژەیان بەوە کردووە، خێرا کردنی هەنگاوەکان بە نێوەندگیریی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ئۆکرانیا، بەردەوامە و سەردانی تیمی دانوستانکاری واشنتن بە ئامانجی چارەسەرکردی کێشەی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ بە شێوەیەکی ئەرێنی کۆتایی هاتووە.
ئەندرێ سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاندووە، تیمی دانوستانکاری ئۆکرانیا و ئەمەریکا بەم زووانە کۆ دەبنەوە. هاوکات، کیێڤ بایەخی زۆر بە هەنگاوە تایبەتەکان دەدات لە چوارچێوەی پێشنیازەکانی ئاشتیدا، گەیشتن بە ئاگربەست بۆ ئۆکرانیا زۆر گرنگە.
سێرگی ڕیابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاندووە "سەردانەکەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لێکەوتەی ئەرێنی هەبووە و بەردەوامە، هەروەها لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەگەر هەیە دووبارە لەگەڵ شاندی ئەمەریکا کۆ ببینەوە."
ڕیابکۆڤ، ئامادەیی لایەنی ڕووسی دووپات کردەوە بۆ کارکردن لەگەڵ هەر پێشنیارێک کە لەلایەن نوێنەری ئەمەریکاوە پێشکەش دەکرێت.
سەبارەت بەوەی کە ئایا ڕووسیا پێشبینی دەکات ویتکۆڤ، وەشانێکی نوێکراوەی پلانی ئەمەریکا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی ئۆکرانیا لەگەڵ خۆی بهێنێت یان نا؟ ڕیابکۆڤ، گوتوویەتی: هەموو ئەو کارانەی کە پێویست بوو لەسەر ئەم بابەتە بڵاو بکرێنەوە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لەلایەن یاریدەدەری سەرۆک و گوتەبێژی سەرۆک کۆمارەوە ڕاگەینراون، ئەمەش یەکەم سەردانی نوێنەری ئەمەریکا نییە بۆ مۆسکۆ، ئێمە کار لەگەڵ هەر پێشنیازێک دەکەین کە پێشکەشی بکات.
ڕیابکۆڤ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: هێشتا ناڕوونی هەیە سەبارەت بەوەی کە دانوستانەکانی جنێڤ دەرئەنجامەکەی چی دەبێت؟ هەروەها سەبارەت بە ڕۆڵی هێزە تێکدەرەکان لەناو یەکێتیی ئەورووپادا، کە هەوڵیان داوە و بەردەوامن لە ڕێگریکردن لە هەر پێشکەوتنێک، چاوەڕان دەبین بزانین ویتکۆڤ، چی پێشکەش دەکات، دواتر بە گوێرەی ئەو ڕووداوانەی دێنە پێشەوە مامەڵە دەکەین.
کۆبوونەوەی ئۆکرانیا و ئەمەریکا
یەکشەممەی ڕابردوو، شاندەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە جنێڤ لە بارەی پلانەکە کۆبوونەوە و هەر دوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار باس کرد.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا. ڕایگەیاندبوو "کۆبوونەوەکە بەرهەمدارترین و گرنگترین کۆبوونەوە بووە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەوە." ئاماژەی بەوەش دابوو، خاڵ بە خاڵ بەسەر ڕەشنووسەکەدا ڕۆیشتوون و تیمەکانیان چەند گۆڕانکاری دەکەن بۆ ئەوەی بۆچوونەکان زیاتر لێک نزیک بکەنەوە.
لەلای خۆیەوە، ئەندری یێرماک، سەرۆکی شاندی ئۆکرانیا دووپاتی کردبووە هەنگاوی باشیان بەرەو ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام ناوە، کە گەلی ئۆکرانیا شایستەیەتی.
پلانی 28 خاڵی ئەمەریکا
هەفتەی ڕابردوو بڵاوبوونەوەی ڕەشنووسی پلانە 28 خاڵییەکەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا، نیگەرانیی قووڵی لای ئەو وڵاتە و هێزە ئەورووپییەکانی لێ کەوتەوە، بەو پێیەی وا دەردەکەوێت واشنتن زۆربەی داواکارییە سەرەکییەکانی ڕووسیای سەبارەت بە ناتۆ، خاک و کاتی ڕێککەوتنەکە پەسەند کردبێت، دوای ئەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، شەش خاڵی لە پلانەکەی کەم کردوەتەوە، ئەو 22 خاڵەشی کە ماوەتەوە، دەبێت لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیا، لە لایەن کیێڤ و مۆسکۆوە جێبەجێ بکرێن و جەنگ کۆتایی پێبهێنرێت.
لە پلانە سەرەتاییەکەدا هاتووە، نابێت ئۆکرانیا بە شێوەیەکی هەمیشەیی ببێتە ئەندامی ناتۆ، هەروەها ژمارەی سوپاکەی بە 600 هەزار سەرباز سنووردار دەکرێت، هاوکات هەرێمی دۆنباس ڕادەستی ڕووسیا بکرێتەوە و دەبێت کیێڤ لە ماوەی 100 ڕۆژدا هەڵبژاردن بکات.
