تورکیا: ئامادەین هێز ڕەوانەی ئۆکرانیا بکەین

وەزارەتی بەرگری تورکیا، ڕایگەیاندووە، ئەگەر ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تورکیا ئامادەیە لە چوارچێوەی "هێزی سەقامگیری" هێز ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات.  

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی تشرینی 2025، وەزارەتی بەرگری تورکیا، لە ڕاگەینراوێکدا، ڕایگەیاندووە، ئەنقەرە ئامادەیە بەشداری لە "هێزێکی سەقامگیری"دا بکات، کە ئەگەری هەیە دوای ئاگربەستی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ لە ئۆکرانیا جێگیر بکرێت.

وەزارەتەکە سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی تورکیا لەو هێزەی کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو پێشنیازی کردووە، جەختی کردوەتەوە، کە "هێزە چەکدارەکانی تورکیا ئامادەن بەشداری بکەن لە هەر دەستپێشخەرییەک بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە پێش هەموو شتێک ئاگربەست لە نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای ئەوە دەبێت چوارچێوەیەک بۆ ئەو ئەرکە دیاری بکرێت کە ئامانجی ڕوون و بەشداری هەر وڵاتێک لەخۆ بگرێت".

ڕۆژی سێشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ڕایگەیاند، گرووپێکی کار سەبارەت بە "هێزی سەقامگیری" پێکدەهێنرێت، کە مەبەست لێی "بەهێزکردنی سوپای ئۆکرانیا" و "هێڵی دووەمی بەرگری" دەبێت، لە ئەگەری ڕێککەوتنی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئەو هێزە بە مەبەستی سەقامگری لەو ناوچەیەدا خزمەت دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گرووپە بە بەشدارییەکی نزیکی تورکیا، "لەلایەن فەرەنسا و بەریتانیاوە سەرۆکایەتی دەکرێت، کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە لایەنی دەریاییدا دەگێڕێت، هاوکات ئەمەریکاش لەو گرووپەدا بەشداری دەکات".

تورکیا کە دووەم گەورەترین هێزی سەربازییە لە ناتۆ، پێشتریش ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە ئەگەر پێویست بکات هێز ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات. 

کۆبوونەوەی ئۆکرانیا و ئەمەریکا

 یەکشەممەی ڕابردوو، شاندەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە جنێڤ لە بارەی پلانەکە کۆبوونەوە و هەر دوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار باس کرد.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا. ڕایگەیاندبوو "کۆبوونەوەکە بەرهەمدارترین و گرنگترین کۆبوونەوە بووە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەوە،" ئاماژەی بەوەش دابوو، خاڵ بە خاڵ بەسەر ڕەشنووسەکەدا ڕۆیشتوون و تیمەکانیان چەند گۆڕانکاری دەکەن بۆ ئەوەی بۆچوونەکان زیاتر لێک نزیک بکەنەوە.

لەلای خۆیەوە، ئەندری یێرماک، سەرۆکی شاندی ئۆکرانیا دووپاتی کردبووە هەنگاوی باشیان بەرەو ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام ناوە، کە گەلی ئۆکرانیا شایستەیەتی. 

پلانی 28 خاڵی ئەمەریکا

هەفتەی ڕابردوو بڵاوبوونەوەی ڕەشنووسی پلانە 28 خاڵییەکەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا، نیگەرانیی قووڵی لای ئەو وڵاتە و هێزە ئەورووپییەکانی لێ کەوتەوە، بەو پێیەی وا دەردەکەوێت واشنتن زۆربەی داواکارییە سەرەکییەکانی ڕووسیای سەبارەت بە ناتۆ، خاک و کاتی ڕێککەوتنەکە پەسەند کردبێت، دوای ئەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، شەش خاڵی لە پلانەکەی کەم  کردوەتەوە، ئەو 22 خاڵەشی کە ماوەتەوە، دەبێت لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیا، لە لایەن کیێڤ و مۆسکۆوە جێبەجێ بکرێن و جەنگ کۆتایی پێبهێنرێت.

لە پلانە سەرەتاییەکەدا هاتووە، نابێت ئۆکرانیا بە شێوەیەکی هەمیشەیی ببێتە ئەندامی ناتۆ، هەروەها ژمارەی سوپاکەی بە 600 هەزار سەرباز سنووردار دەکرێت، هاوکات هەرێمی دۆنباس ڕادەستی ڕووسیا بکرێتەوە و دەبێت کیێڤ لە ماوەی 100 ڕۆژدا هەڵبژاردن بکات.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment