پوتن: هێرشەکان ڕادەگرین ئەگەر ئۆکرانیا لەو ناوچانە بکشێتەوە کە مۆسکۆ داوایان دەکات

سەرۆکی ڕووسیا مەرجی کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا ئاشکرا دەکات و هەڕەشەی گرتنی ناوچەکان بە "زەبری هێز" دەکات ئەگەر کیێڤ لێیان نەکشێتەوە، هاوکات ئاماژە بە سەردانی شاندێکی ئەمەریکا بۆ مۆسکۆ دەکات بۆ تاوتوێکردنی پلانێکی ئاشتی، دەشڵێت: دەسەڵاتی ئێستای ئۆکرانیا شەرعییەتی نەماوە.

پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەمیانی سەردانێکیدا بۆ قیرغیزستان ڕایگەیاند، هیچ ڕەشنووسێکی ڕێککەوتنێکی ئاشتی لەسەر ئۆکرانیا بوونی نییە، ئەوەی هەیە چەند پرسیارێکە کە دەبێت گفتوگۆی لە بارەوە بکرێت.

باسی لەوەش کرد، ئۆکرانیا و ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکەیان ئەو 28 خاڵەی هەیە بەسەر چوار بەشیان دابەش کردووە و ئێمە لە هەموویان ئاگەدار کراونەتەوە، باوەڕمان وایە ئەمە دەرفەتێکە بۆ ڕێککەوتنی زیاتر، هاوکات شاندی واشنتن هەفتەی داهاتوو بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەو بارەوە دەگاتە مۆسکۆ.

پوتن ئاماژەشی داوە، هەندێک کەس دەیانەوێت ئۆکرانیا تا هەموو سەربازەکانی لەدەست بدات بجەنگێت، ئێمەش بۆ ئەو جەنگە ئامادەین، جەختیش لەوە دەکاتەوە هەرگیز نیازییان نییە هێرش بکەنە سەر ئەورووپا.

لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا کە بەشێک لەو خاڵانەی لە نێو پلانەکەی ئەمەریکا دایە گوتی: سەرۆکایەتی ئۆکرانیا شەرعییەتی خۆی لەدەستداوە، بۆیە ئەوان دەبێت هەڵبژاردن بکەن، دەشڵێت: ئێمەش لەگەڵ ئەو وڵاتە لە جەنگداین، بەڵام هەڵبژاردنیش دەکەین.

سەرۆکی ڕووسیا دووبارە هۆشداری دەداتە کیێڤ و ڕایگەیاند، مۆسکۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا ڕادەگرێت، ئەگەر کیێڤ لەو خاکانە بکشێتەوە کە مۆسکۆ بە هی خۆی دەزانێت، ئەگەرنا بە زەبری هێز دەیانگرن

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، مۆسکۆ لە ڤۆڤچانسک و سیڤەرسک لە پێشڕەویدایە و لە سەنتەرێکی گرنگی لۆجیستی بەناوی "گولیایپۆل" نزیک بووەتەوە.دەشڵێت: لە ڕووی کردەییەوە مەحاڵە پێش بە هێرشەکانی ڕووسیا بگیرێت، بۆیە هیچ چارەسەرێکی ئەوتۆ لە ئارادا نییە.

لەلای خۆیەوە ئۆکرانیا ڕەتی کردووەتەوە پۆکرۆڤسک و میرنۆگراد گەمارۆ درابن و جەخت دەکاتەوە کە هێزەکانیان لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ڕووسیا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment