ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم لەسەر هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات حکوومەتی فیدراڵ، ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێکاری خێرا لە بەرانبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن بگرێتەبەر.
27ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی لەسەر هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: لە نێوان 15ـی حوزەیرانی 2025 و 25ی تەمموزی 2025 دا، کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوە نەوتییەکان، لەگەڵ چەندین دامەزراوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، دووچاری هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون و بەهۆیەوە زیانی ماددی و ئابووریی بەرچاویان پێگەیشتووە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە مەترسیدارانە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرەکان و بە سزا گەیاندنیان، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی دەرکرد، بە سەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە ئەندامیەتی دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.
هەروەها لیژنە هاوبەشەکە دەستی بە کارەکانی کرد و لە 28ـی تەمموزی 2025 سەردانی هەرێمی کوردستان کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی مەیدانیان کرد و پشکنینی تەکنیکیان بۆ شوێنە پەلاماردراوەکان کرد، بە پشتبەستن بە ئەنجامی پشکنینی تەکنیکی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەم هێرشانەدا بەکارهێنراون، دەرکەوت کە ڕێڕەوی هەڵدانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە فیدراڵییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە هاوسنووری هەرێمی کوردستانە.
هەروەها دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی هەرێم دانپێدانانی یاسایی بەڵگەداری ئەو کەسانەیان خستەڕوو کە ئاشکرا دەبێ سەر بە کام رێکخستنن.
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەنراوەکەی دا باسی لەوە کردووە، لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە، کە بە بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێکهێنرا، لە بارەگای ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە و ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی داڕشت، ڕادەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر لایەن و کەسانی تێوەگلاو لە هێرشەکان.
بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەدا، حکومەتی فیدراڵی هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی و ئەمنی بەرامبەر بە تاوانباران نەگرتۆتەتەبەر.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییانە، بۆ ڕای گشتی ڕووندەکەینەوە لە ڕاپۆرتی کۆتاییدا، کە ئێستا لە بەردەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵە، بە ڕوونی ئەو لایەنانەی بەرپرسن لە هێرشە تیرۆریستییەکان، دەستنیشان دەکات، کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە زیانی بەرچاو و مەترسیداریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. ڕاپۆرتەکە چەندین ڕاسپاردەی لەخۆ گرتووە، دیارترینیان ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بوو بۆ تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لەدژی لایەنی بەرپرسیار. بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەم ڕاسپاردانە جێبەجێ نەکراون.
ئەمەش هاتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات حکوومەتی فیدراڵ، ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێکاری خێرا لە بەرانبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو جۆرە کردەوە و دەستدرێژییانە، کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتیی دەکەن، دووبارە نابنەوە.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان جەخت لە بەردەوامبوونی بێهەڵوێستی بەرامبەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون، پێشێلکردنی بەرپرسیارێتی دەستووری و ئەمنییە و ئەم کەمتەرخەمییە تەنیا هانی ئەو ڕێکخراوانە دەدات بۆ درێژەدان بە کردەوەکانیان.
هەروەها هێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی ڕێوشوێنی توندە بەرانبەر بە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی پێشوو. بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.
درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە و هەناردەی غاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.
هەروەها بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا، بەهۆی هێرشەکەوە تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.
