ئایشەگول دۆغان: دیداری کۆمیسیۆنی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان مێژوویی بوو
گوتەبێژی دەم پارتی دیدارەکەی ئەم دواییەی کۆمیسیۆنی ئاشتی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بە وەرچەرخانێکی مێژوویی وەسف دەکات و ڕایدەگەیەنێت: لە سەرەتای مانگی داهاتوودا وردەکاریی ئەو دیدارە دەخرێتەڕوو، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە دەسەڵات پابەندی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بێت و بەزوترین کات سەڵاحەدین دەمیرتاش و زیندانیانی دۆسیەی کۆبانێ ئازاد بکات.
ئایشەگول دۆغان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر گرنگیی قۆناغەکە و ئاشکرای کرد، بڕیارە لە ڕۆژی 4ی مانگی داهاتوودا، لە میانی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆندا، ناوەڕۆکی ئەو دیدارە گرنگەی لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام دراوە بۆ ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە ئاشکرا بکرێت.
بە بڕوای ناوبراو، نابێت زانیارییەکان تەنها لە چوارچێوەیەکی داخراودا بمێننەوە، بەڵکو مافی ڕای گشتییە بە وردی ئاگاداری ناوەڕۆکی گفتوگۆکان بن.
گوتەبێژەکەی دەم پارتی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەرچی دیدارەکە هەنگاوێکی زۆر گرنگ و مێژوویی بووە، بەڵام بە تەنها بەس نییە و ئەوەی بۆ داهاتووی پرۆسەکە چارەنووسسازە، بەردەوامیی کۆبوونەوەکان و فراوانکردنی دەرفەتی دیدارەکانە لەگەڵ ئۆجەلان، بۆیە پێویستە لە نزیکترین کاتدا کۆمیسیۆن کارەکانی خۆی بۆ پرۆسەکە تەواو بکات و دەست بە ئەنجامدانی چاکسازیی یاسایی بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دۆغان ڕەخنەی توندی لە بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەدارانی کورد گرت و پرسیاری ئەوەی کرد، بۆچی سەرەڕای بوونی بڕیاری ڕوونی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، تا ئێستا سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد نەکراوە. ناوبراو داوای لە دەسەڵات کرد، دەبێت هەنگاوی کردەیی بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش و سەرجەم ئەو کەسانە بنێت کە بەهۆی دۆسیەی کۆبانێوە سزادراون، وەک بەشێک لە زەمینەسازی بۆ ئاشتی و سەقامگیری.
