فارس عیسا: لەم هەفتەیە عێراق مووچە دەنێرێت
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا پی وایە سەرەتای هەفتەی ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، هاوکات هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بە کردەوەیەکی تیرۆریستی دەزانێت.
هەینی 28ی تشرینی دووەمی 2025، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ی گوت: لەو باوەڕەم وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بنێریت، ئاماژەشی دا، هەوڵی ئەوە دەدەن حکوومەتی عێراق مووچەی مانگەکانی داهاتووش بنێرێت.
دەشڵێت: پێویست بوو حکوومەتی فیدراڵ ئەم هەفتەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردبایە، چونکە ئێمە هەموو پابەندییەکانی خۆمان جێبەجێ کردووە، دووپاتیشی دەکاتەوە هەفتەی ڕابردوو 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی لە بانکی ناوەندی.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتیشی: هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کردەوەیەکی تیرۆریستی بوو، هاوکات ئەمە نیشانەی ئەوەیە دۆخی ئەمنی لە عێراق هێشتا زۆر خراپە، بە شێوەیەک تیرۆریستان دەستییان لە حکوومەت درێژترە؛ باسی لەوەش کرد ئەو ڕووداوە کاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانیی لێ کەوتووەتە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو لیژنەیەی پێکهاتوو ئەنجامەکان ئاشکرا دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، بەیانیی ڕۆژی سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (10)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆران، لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.
