ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: بڕینی کارەبا پێشێلکردنی مافی ژیانە

دیندار زێباری
دیندار زێباری

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم هۆشداری دەدات کە بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە تەنها زیانی ماددی نییە، بەڵکو بەپێی پەیماننامە جیهانییەکان دەچێتە خانەی پێشێلکردنی مافی ژیان و خۆشگوزەرانیی هاوڵاتییانەوە، بۆیە داوای دەستێوەردانی خێرای نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.

لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی 27ی تشرینی دووەمی 2025، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی پەلاماری گرووپە لەیاسادەرچووەکان بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر، ڕایگەیاند:  ئەو کردەوەیە بووەتە هۆی بڕانی تەزووی کارەبا لەسەر تەواوی هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵک دروست کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بەئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای بنەما و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە و بە دیاریکراوی پێچەوانەی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانە. حکوومەتی هەرێم جەخت دەکاتەوە، بەپێی ڕاسپاردەکانی خولی 48 ـەمینی پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR)، بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا، بە دەستدرێژی بۆ سەر مافی ژیان ئەژمار دەکرێت.

لەو سۆنگەیەوە، نووسینگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە ڕۆڵی کارای خۆیان بگێڕن بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە پەلامارانە کە هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە، هاوکات داواکارە بە زووترین کات بکەران و پلاندارانانی ئەو کردەوەیە ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.

پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان (ICESCR) یەکێکە لە گرنگترین بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پابەندبوونی دەوڵەتان و گرووپەکان بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان وەک ئاو، خۆراک و وزە دیاری دەکات.

هێرشەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر، نەک تەنها وەک کردەوەیەکی تیرۆریستی، بەڵکو وەک تاوانێک دژی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ پێناسە دەکرێت، ئەمەش دەرگای ئەوە دەکاتەوە کە دۆسیەکە لە ئاستی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا کاری لەسەر بکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment