تریفە عەزیز: خوازیارین ئەمەریکا ئامرازی پێویست بۆ خۆ پاراستن بە هەرێمی کوردستان بدات
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن ئاماژە بەوە دەکات، چەند دەیەیە هاورێیەتی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان بەردەوامە، ئەمەش پەیامەکی گرنگە.
تریفە عەزیز، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، دەربارەی هێرشەکان بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: خوازیارین ئەمەریکا ئامێر و ئامرازی پێویست بۆ خۆ پاراستن بە هەرێمی کوردستان بدەن، بەرپرسێکی مەزنی ئەمەریکا دێتە هەولێر بۆ کردنەوەی مەزنترین کونسوڵخانەی وڵاتەکە لە جیهان، ئەمە لە خۆیدا پەیامێکی مەزنە لەسەر هاوەڵی و هاورێیەتی درێژخایەنی ئەمەریکا و کوردستان.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: چەند دەیەیە هاورێیەتی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان بەردەوامە، ئەمەش پەیامەکی گرنگە، چونکە ئەمەریکا پێی وایە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردستان بنچینەیین بۆ سەقامگیری تەواوی عێراق و ناوچەکە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەو شاندە باڵایە لە کاتێکی زۆرباش دێنە هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێ کردنی کێشە بەردەوامەکان، یەکێک لەو کێشانە هێرشی میلیشیاکانە، ئەمە سەرەڕای ئەو کێشە بەردەوامانەی هەن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی.
درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە و هەناردەی غاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.
هەروەها بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا، بەهۆی هێرشەکەوە تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.
