پەکەکە: ئۆجەلان ئازاد نەکەن، هیچ هەنگاوێکی دیکە بۆ ئاشتی نانێین
پارتی کرێکارانی کوردستان( پەکەکە) ڕایدەگەیەنێت، تاکوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد نەکرێت، هیچ هەنگاوێکی نوێ بۆ پرۆسەی ئاشتی ناێن.
ئامەد مەلا زەغرەت، فەرماندە لە پارتی کرێکارانی کوردستان بە ئاژانسی(afp)ـی ڕاگەیاندووە، هیچ هەنگاوێکی دیکەی کردەیی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بەرانبەر دەوڵەتی تورکیا ناگرنە بەر، تاکو ڕێبەری بزووتنەوەکەیان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی ئازاد نەکرێت.
سەبارەت بەو هەنگاوانەی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی ناویەتی، ئامەد گوتی: هەموو هەنگاوەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ناویەتی، بە دەستپێشخەری ئۆجەلان بووە، بۆیە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی پەیوەستە بە ئازادکردنی ئەو، چونکە بەبێ ئازاد کردنی، هیچ هەنگاوێکی دیکە بۆ ئاشتی لەلایەن پەکەکەوە نانێرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەو چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییە کە لەنێو چیاکانی قەندیل ئەنجامدراوە، ئامەد مەلا زەغرەت ڕایگەیاندووە، چاوەڕێی هەنگاوە کردەییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن کە پێویستە بیگرێتە بەر.
پارتی کرێکارانی کوردستان دوو داواکاری سەرەکی لە دەوڵەتی تورکیا هەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، وەک ئامەد مەلا زەغرەت، فەرماندە لە پارتی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاند: ئازادکردنی ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) کە لە ساڵی 1999ـەوە لە زیندانی ئیمراڵییە، هەروەها بە دەستوور و بەشێوەیەکی فەرمی دان بە گەلی کورددا بنرێت لە دەوڵەتی تورکیادا، دوو داواکاریی سەرەکی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیدا.
