گۆڤارێکی ئەمەریکی: هەرێمی کوردستان شوێنی وەبەرهێنانی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمەریکایە

گۆڤارێکی بەناوبانگی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە؛ هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەری خست، هەرێمی کوردستان پێویستە دەستبەجێ سیستەمی بەرگری بۆ دابین بکرێت.

گۆڤاری فۆربسی ئەمەریکی ڕاپۆرتێکی لەبارەی هێرشەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، هێرشەکە بووە هۆی پچرانی کارەبا بە ڕێژەی 80% لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش ئەوە دەردەخات پێویستە دەستبەجێ سیستەمی بەرگریی لەو ناوچەیە دابنرێت، چونکە هەرێمی کوردستان شوێنی وەبەرهێنانی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمەریکا و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە.

بەگوێرەی ئەو گۆڤارە، هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بێ پاساون و ژێرخانی مەدەنیی و شوێنێکی گرنگی ئەو هەرێمە بۆ دابینکردنی کارەبا کردووەتە ئامانج، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێری بۆ خەڵک دابینکردووە کە بەهۆی هێرشەکەوە بۆ تەنیا 5 کاتژمێر کەمبووەوە، هەر بۆیە ئیدارەی ئەمەریکا پێویستە بە جددی بیر لە پێدانی سیستەمی بەرگریی بە هەرێمی کوردستان بکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ژێڕخانە گرنگەکانی و هاووڵاتییانی دژی ئەو هێرشە ئیستفزاز و بێ پاساوانە بپارێزێت.

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم، هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، لە پارێزگای سلێمانی.

دوای هێرشەکە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و ڕایگەیاندبوو، "داوا لە هاوبەشە ئەمەریکی و نێودەوڵەتییەکانمان دەکەم کە ئامێری بەرگری پێویست بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنیمان دابین بکەن، هەروەها پشتگیریمان بکەن لە گرتنەبەری هەنگاوی جددی بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشانە بۆ سەر خەڵکی کوردستان و پێشکەوتنەکانمان."

هەروەها مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بارەی هێرشەکە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا، کە دواتر شاندێکی ئەمنیی باڵای هاوبەش بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەمەری و بە یاوەریی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق پێکهێنرا و سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کرد، ئامانجی سەرەکییان ئاشکراکردنی ناسنامەی هێرشبەران و لێکۆڵینەوەیە لە هێرشەکە.

دوای ئەوەی بەهۆی هێرشەکەوە دوو ڕۆژ پێدانی کارەبا بە ڕێژەی 80% کەم بووە و هاووڵاتییان دۆخێکی سەختییان تێپەڕاند، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی دا، بە خۆشحاڵییەوە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، کە کارەبای نیشتمانی گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی و کارەبای 24 کاتژمێری لە پرۆژەی ڕووناکیش ئاسایی بووەتەوە.

هەروەها لە پەیامێکی دیکەی دا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردبوو، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای داناگاز، پرۆسەی بەرهەمهێنان دەستی پێ کردووەتەوە و بارودۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە. سەرۆکی حکوومەت ستایشی ئیرادەی بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندانی کۆمپانیاکەی کرد.

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاندبوو، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی،  لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بکەرانی ئەو هێرشە تیرۆریستییە، سەر بە هەر گرووپ و لایەنێک بن و لە هەرشوێنێک بن، دەبێت ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە. مەسرور بارزانی هۆشداریشی دابوو لەوەی کە عێراق ناتوانێت وەبەرهێنانی بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت ئەگەر گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکان بەبێ سزادان بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی وڵات.

سەرۆکی حکوومەت ئەوەشی خستبووڕوو، ناحەزان چاویان بە پێشکەوتنەکانی کوردستان هەڵنایەت و دەیانەوێت تاریکی بگەڕێننەوە، بەڵام دڵنیایی دا کە حکوومەت لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کار دەکات بۆ پاراستنی خەڵک و ژێرخانی ئابووری و ئەو هێرشانەش ناتوانن کاروانی ئاوەدانی ڕابگرن.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment