بەرپرسێکی ئۆپێک پڵەس: هۆشدارییەکانی مەسرور بارزانی ڕاست بوون

گفتوگۆی تایبەتی مەسرور بارزانی لە کۆربەندی مێپس لە لایەن ئامینە بەکر؛ وێنە: ئەرشیف
گفتوگۆی تایبەتی مەسرور بارزانی لە کۆربەندی مێپس لە لایەن ئامینە بەکر؛ وێنە: ئەرشیف

ئامینە بەکر، سەرۆکی بەشی توێژینەوەی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆپێک پڵەسە (+OPEC) لە کۆمپانیای کێپلەر (Kpler)، کە کۆمپانیایەکی سەربەخۆی جیهانییە بۆ زانیارییە بازرگانییەکانی تایبەت بە کاڵاکان ڕاپۆرتێکی لە پێگەی هەواڵی نەشناڵ بڵاو کردووەتەوە.

ئامینە بەکر لە ڕاپۆرتەکەدا باسی لەوە کردووە، ئەم هێرشی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە کاتێکدایە کە سەرەتای ئەم مانگە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ من لە میانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) هۆشدارییەکی ڕوونی لەمبارەیەوە دابوو.

دەشڵێت: ئەم هێرشی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بووە هۆی بڕینی کارەبا لەسەر هاووڵاتییان، ڕاستی و دروستیی هۆشدارییەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنێت کە لە کۆربەندەکەدا ڕایگەیاندبوو ئازادکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکان لەلایەن بەغداوە، دەبێتە هۆی بەردەوامیی پەلامارەکان.

سەرۆکی بەشی توێژینەوەی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆپێک پڵەسە لێدوانەکانی مەسرور بارزانی بە بیردەهێنێتەوە و دەڵێت: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرابووە کە دەستیان لە هێرشەکانی ڕابردوودا هەبووە، بەڵام کاتێک بەشێک لەو کەسانە دەستگیرکران، لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکوومەتی فیدراڵەوە بە کەفالەت ئازاد کران.

سەرۆکی حکوومەت ئەوکات جەختی کردەوە و گوتی: هەنگاوی عێراق بۆ ئازادکردنی ئەم گرووپانە تەنیا دەبێتە هۆی ئەنجامدانی هێرشی زیاتر. تەنیا چەند ڕۆژێک دوای ئەو قسانە، پێشبینییەکەی مەسرور بارزانی ڕاست دەرچوو و کێڵگەکە کرایەوە ئامانج.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، مەسرور بارزانی هۆشداری دا لەوەی کە عێراق ڕەنگە هەوڵ بدات جارێکی دیکە هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نێوان هەرێم و تورکیا ڕابگرێتەوە، کە دوای دوو ساڵ وەستان لە مانگی ئەیلوول دەستیپێکردبووەوە، و ئاماژەی بەوە کرد کە هۆکاری سیاسی ڕەنگە ببێتە هۆی وەستانێکی دیکەی هەناردەی نەوت.

هێڕشەکەسەر سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم، هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، لە پارێزگای سلێمانی.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتبوو، بەهۆی هێرشەکەوە تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.

کەمێک دوای هێڕشەکە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردبووە و تێیدا ئاماژەی دابوو، بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بەرهەمهێنانی کارەبا لە 4 هەزار مێگاواتەوە بۆ یەک هەزار مێگاوات دابەزی و بەو هۆیە پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ 5 کاتژمێر کەم دەبێتەوە.

هەر هەمان ڕۆژ، کۆمپانیای دانە غاز لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر یەکێک لە کۆگاکانی هەڵگرتنی شلەمەنی لە دامەزراوەی کۆرمۆر  لە هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەش دابوو، لە ئەنجامی هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و هیچ کارمەندێکیشان بریندار نەبووە، ئاماژەی بەوەشدا، بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، بەرهەمهێنان ڕاگیراوە، بەردەوامیشین لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا بەرهەم بە بازاڕ بکەین.

ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە "باسی ڕۆژ"ی کوردستان24، بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، ڕۆژانە زیاتر لە 530 ملیۆن پێ سێجا غازمان لەو کێڵگەیە وەردەگرت، بۆیە ئەو هێرشە کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا.

سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکە، ئومێد ئەحمەد، ئاماژەی بەوەدابوو، لیژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتیەکان و لایەنە پەیوەندارەکان، سەردانی مەیدانی کێڵگەی کۆرمۆریان کردووە، بە گوێرەی خەمڵاندنەکان، زیانەکان لە نێوان 20 تاوەکو 25 ملیۆن دۆلارە. 

هەروەها ڕوانگەی ئیکۆ عێراق لەبارەی زیانەکانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر  ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتبوو، "زیانەکانی داخستنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ڕۆژانە دەگاتە زیاتر لە 7.41 ملیۆن دۆلار."

مەسرور بارزانی: داوا لە ئەمەریکا دەکەم  ئامێری بەرگری پێویست بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنیمان دابین بکەن

دوای هێرشەکە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و ڕایگەیاندبوو، "داوا لە هاوبەشە ئەمەریکی و نێودەوڵەتییەکانمان دەکەم کە ئامێری بەرگری پێویست بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنیمان دابین بکەن، هەروەها پشتگیریمان بکەن لە گرتنەبەری هەنگاوی جددی بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشانە بۆ سەر خەڵکی کوردستان و پێشکەوتنەکانمان."

هەروەها مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بارەی هێرشەکە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا، کە دواتر شاندێکی ئەمنیی باڵای هاوبەش بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەمەری و بە یاوەریی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق پێکهێنرا و سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کرد، ئامانجی سەرەکییان ئاشکراکردنی ناسنامەی هێرشبەران و لێکۆڵینەوەیە لە هێرشەکە.

دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان غاز

هەروەها لە پەیامێکی دیکەی دا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردبوو، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای داناگاز، پرۆسەی بەرهەمهێنان دەستی پێ کردووەتەوە و بارودۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە. سەرۆکی حکوومەت ستایشی ئیرادەی بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندانی کۆمپانیاکەی کرد.

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاندبوو، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی،  لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بکەرانی ئەو هێرشە تیرۆریستییە، سەر بە هەر گرووپ و لایەنێک بن و لە هەرشوێنێک بن، دەبێت ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە. مەسرور بارزانی هۆشداریشی دابوو لەوەی کە عێراق ناتوانێت وەبەرهێنانی بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت ئەگەر گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکان بەبێ سزادان بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی وڵات.

سەرۆکی حکوومەت ئەوەشی خستبووڕوو، ناحەزان چاویان بە پێشکەوتنەکانی کوردستان هەڵنایەت و دەیانەوێت تاریکی بگەڕێننەوە، بەڵام دڵنیایی دا کە حکوومەت لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کار دەکات بۆ پاراستنی خەڵک و ژێرخانی ئابووری و ئەو هێرشانەش ناتوانن کاروانی ئاوەدانی ڕابگرن.

کارەبای 24 کاتژمێری گەڕایەوە

دوای ئەوەی بەهۆی هێرشەکەوە دوو ڕۆژ پێدانی کارەبا بە ڕێژەی 80% کەم بووە و هاووڵاتییان دۆخێکی سەختییان تێپەڕاند، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی دا، بە خۆشحاڵییەوە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، کە کارەبای نیشتمانی گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی و کارەبای 24 کاتژمێری لە پرۆژەی ڕووناکیش ئاسایی بووەتەوە.

هەروەها ئەردەلان دۆسکی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: گەڕانەوەی گاز بۆ نێو وێستگەکانی کارەبا بەردەوامە و بارودۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment