سێنتکۆم: لە سووریا گورزێکی کوشندەمان لە داعش دا
لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش و فراواندا کە لە نێوان ڕۆژانی 24 بۆ 27ـی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، توانییان گورزێکی کاریگەر لە پاشماوەکانی داعش لە باشووری سووریا بوەشێنن و لە ئەنجامدا زیاتر لە 15 حەشارگە و کۆگای نهێنیی چەکی ئەو گرووپەیان لە ناوچەکانی پارێزگای ڕیف دیمەشق وێران کرد.
یەکشەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2025، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا(سێنتکۆم) لەمیانی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا کە لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و زەمینییەوە ئەنجام درا، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزە سوورییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرت و لەناویان بردن کە پێکهاتبوون لە زیاتر لە 130 گولـلە هاوەن و مووشەک و ژمارەیەکی زۆر چەکی سووک و ڕەشاش و مین و دژەتانک و کەرەستەی دروستکردنی بۆمبی چێنراو، هاوکات بڕێک ماددەی هۆشبەریش لەناو حەشارگەکاندا دۆزرانەوە و لەناوبردران.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم جەختی لە گرنگیی ئەم ئۆپەراسیۆنە کردەوە و ڕایگەیاند: ئەم سەرکەوتنە دەستکەوتەکانی دژی داعش دەپارێزێت و ڕێگە بەو گرووپە تیرۆریستییە نادات جارێکی دیکە خۆی ڕێکبخاتەوە یان بتوانێت هێرش هەناردەی ناو خاکی ئەمریکا و جیهان بکات، بۆیە بەردەوام و چاوکراوە دەبن لە ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی داعش لە سووریا.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە ساڵی 2014 دامەزراوە، بەردەوامە لە ڕاوێژ و پاڵپشتیکردنی هێزە هاوبەشەکان بۆ ڕیشەکێشکردنی یەکجارەکیی داعش کە دوای شکستی جوگرافییان لە ساڵی 2019 دا ئێستا وەک گرووپێکی پەرتەوازە مەترسییان ماوە.
