گفتوگۆکانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا پرۆسەیەکی ئاسان نییە

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی فلۆریدا ئاشکرای دەکەن، گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و کیێڤ سەبارەت بە داڕشتنەوەی دەقەکانی ڕێککەوتنی ئاشتی و پرسی خاک ئاسان نین. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمەریکا هەوڵ دەدات بە خێرایی لەسەر خاڵە کۆتاییەکان ڕێکبکەون تاوەکوو بە پرۆژەیەکی ئامادەکراوەوە سەردانی مۆسکۆ بکەن.

یەکشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2025، سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندی کیێڤ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، هەرچەندە گفتوگۆکانی نێوان شاندی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە فلۆریدا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بنیاتنەر بووە، بەڵام پرۆسەکە ئاسان نییە، چونکە گەڕان بەدوای داڕشتنەوەی دەقەکان و دۆزینەوەی چارەسەرەکاندا بەردەوامە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو: هەمووان مەبەستیانە ئەنجامێکی کردەیی بەدەست بێت، تاوەکوو بابەتێک بۆ گفتوگۆی زیاتر لە نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا هەبێت. باسی لەوەش کرد، سەرکردایەتیی سەربازیی ئۆکرانیا بەشدارییان لە دانیشتنێکی داخراودا سەبارەت بە چەند پرسێکی دیاریکراو کردووە.

هاوکات سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لە پێشهاتەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "ئەمەریکییەکان بەڕاستی دەیانەوێت لە گفتوگۆکانی ئێستا لەسەر خاڵە کۆتاییەکان ڕێکبکەون، بۆ ئەوەی بتوانن بە پرۆژەکەوە بچنە مۆسکۆ.

سەرچاوەکە گوتیشی: داڕشتنەوەی دەقەکە ئاڵۆزە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە خاک و ناوچەکانەوە، چونکە ئەمەریکییەکان خۆیان تەنیا وەک نێوەندگیر دەبینن، نەک وەک لایەنێک کە پاڵپشتی ئۆکرانیا بێت، بەڵام هەمووان هەوڵ دەدەن بنیاتنەر بن و چارەسەرێک بدۆزنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە هەر دوو شاندی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە فلۆریدا کۆبوونەوە و بەر لە کۆبوونەوەکە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بابەتەکە تەنیا پەیوەست نییە بە ڕێککەوتنەکانی ئاشتییەوە، بەڵکوو پەیوەستە بە دروستکردنی ڕێڕەوێک بۆ داهاتوو کە ئۆکرانیا بە خاوەن سەروەری و سەربەخۆ و ئاوەدان بهێڵێتەوە.

لای خۆیەوە ڕوستەم عومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئۆکرانیا و سەرۆکی شاندی ئەو وڵاتە گوتی: ئێمە گفتوگۆ لەسەر داهاتووی، ئاسایشی، مەترسییەکانی دووبارە هێرشکردنەوە، بووژانەوە و چۆنیەتی بنیاتنانەوەی ئۆکرانیا دەکەین.

بڕیاریشە لە ناوەڕاستی ئەو هەفتەیە شاندێکی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف سەردانی مۆسکۆ بکات و لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە و پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا تاوتوێ بکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment