ڕوبیۆ: ئامانجمان مسۆگەرکردنی ئۆکرانیایەکی خاوەن سەروەرییە

ئەمەریکا و ئۆکرانیا پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکەن

کۆبوونەوەی هەر دوو شاندەکانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا لە فلۆریدا دەستی پێ کرد و بەر لە کۆبوونەوەکە هەر دوو لا دووپاتییان کردەوە، دۆخی سیاسی و ئەمنیی ئۆکرانیای دوای جەنگ تاوتوێ دەکەن.

یەکشەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئامانجی گفتوگۆکان لەگەڵ شاندێکی ئۆکرانیا لە فلۆریدا، بریتییە لە دروستکردنی ڕێڕەوێک بۆ ئۆکرانیایەکی خاوەن سەروەری، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمەریکا هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا دژی ئەو وڵاتە چڕ کردووەتەوە

ڕوبیۆ لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا گوتی: بابەتەکە تەنیا پەیوەست نییە بە ڕێککەوتنەکانی ئاشتییەوە، بەڵکوو پەیوەستە بە دروستکردنی ڕێڕەوێک بۆ داهاتوو کە ئۆکرانیا بە خاوەن سەروەری و سەربەخۆ و ئاوەدان بهێڵێتەوە.

لای خۆیەوە ڕوستەم عومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئۆکرانیا و سەرۆکی شاندی ئەو وڵاتە گوتی: ئێمە گفتوگۆ لەسەر داهاتووی، ئاسایشی، مەترسییەکانی دووبارە هێرشکردنەوە، بووژانەوە و چۆنیەتی بنیاتنانەوەی ئۆکرانیا دەکەین.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز شاندی ئەمەریکا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئۆکرانیا لە هەر یەکە لە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێکهاتوون.

هاوکات سەرۆکایەتیی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ڕۆژی دووشەممە 1ی کانوونی یەکەمی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی وڵاتەکە پێشوازی لە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەکات و لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا گفتوگۆ دەکەن.

بڕیاریشە لە ناوەڕاستی ئەو هەفتەیە شاندێکی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی ستیف ویتکۆف سەردانی مۆسکۆ بکات و لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە و پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا تاوتوێ بکەن.

سێشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ( تروس) نووسیبووی: لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، تیمەکەم سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەرەوپێشچوونی یەکجار گەورەی بەدەستهێناوە.

ڕۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2025، هەر دوو شاندی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە جنێڤ لە بارەی پلانەکە کۆبوونەوە و هەر دوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار باس کرد.

ڕوبیۆ ڕایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکە بەرهەمدارترین و گرنگترین کۆبوونەوە بووە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەوە. ئاماژەی بەوە دابوو، خاڵ بە خاڵ بەسەر ڕەشنووسەکەدا ڕۆیشتوون و تیمەکانیان چەند گۆڕانکاری دەکەن بۆ ئەوەی بۆچوونەکان زیاتر لێک نزیک بکەنەوە.

لەلای خۆیەوە، ئەندری یێرماک، سەرۆکی شاندی ئۆکرانیا دووپاتی کردبووە هەنگاوی باشیان بەرەو ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام ناوە، کە گەلی ئۆکرانیا شایستەیەتی.

 
Fly Erbil Advertisment