هاوپەیمانی سیادە شەش کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەستنیشانکردووە
ئەندامێکی هاوپەیمانی سیادە، ئاشکرایکردووە، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی داهاتووی عێراق، شەش کەسیان کاندید کردووە، لەوانەشە ڕێککەوتن لەسەر یەکێک بکرێت کە لەو ناوانەدا نەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەمار عەزاوی، ئەندامی هاوپەیمانی سیادە، ڕایگەیاند، "ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی"ـی سوننە، دەسەڵاتی سەرەکییە بۆ هێزە سوننەکان، هەڵبژاردنی هەر کاندیدێکیش لەسەر بنەمای دیدێکی ستراتیژی و ڕێککەوتن دەبێت، لە پێناو دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتیی گونجاو و بەشداریی کاریگەر لە کارە لە پێشینەکانی پەرلەمان.
عەزاوی ئاشکرای کردووە، ئەو ناوانەی کە لەناو هاوپەیمانێتیەکەدا کاندید کراون بریتین لە (محەممەد حەلبوسی، سابت عەباسی، سالم عیساوی، مەحمود قەیسی، محەممەد تەمیم و موسەننا سەمەڕائی)، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێشتا بەشێوەیەکی فەرمی و ورد باسی ئەو ناوانە نەکراوە، هاوکات لەوانەیە ڕێککەوتن لەسەر ناوێک لە دەرەوەی ئەم کاندیدانەشدا بکرێت."
باسی لەوەش کرد، "بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان، هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ کاندیدەکان ئەنجام دەدرێت، چونکە هەبوونی زیاتر لە یەک کاندید پرۆسەکە دوور و درێژتر دەکاتەوە، بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوانمان ئەم هەنگاوە یەکێک دەبێت لە گرنگترین بژاردەکانمان."
عەزاوی لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەش داوە، دوای ڕێککەوتن لە سەر کاندیدی ئەو پۆستە، خاڵی سەرەکی ئەوەیە دەبێت کەسەکە خاوەنی کەسایەتییەکی سەرکردایەتی بەهێز بێت، هەروەها پەیوەندیی هاوسەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان هەبێت، قبووڵکراو بێت و هیچ ناڕەزایەتییەک لە دژی نەبێت، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کەسایەتییەک بێت بە سەرکەوتوویی سەرکردایەتی پەرلەمان بکات.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەک لە بەغدا بە سەرکردایەتی پێنج لایەنی گەورەی سوننە بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و سەرۆکی بزووتنەوەی "تەقەدوم"، کە بە 27 کورسی زۆرترین پشکی لەنێو هێزە سوننەکانی پەرلەمانی هەڵبژێردراودا بەدەستهێناوە، هەروەها خەمیس خەنجەر، سەرۆکی "هاوپەیمانی سیادە" بەڕێوەچوو.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، لایەنەکان ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی، "ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی" وەک چەتری سەرتاسەری پێکبهێنرێت، کە هەڵوێستەکان هەماهەنگ دەکات و دیدگا و بڕیارەکان سەبارەت بە پرسە نیشتمانییە گەورە جیاوازەکان یەکدەخات.
لایەنەکان جەختیان کردووەتەوە، ئەنجوومەنەکە کراوە دەبێت بە ڕووی هەموو هاوبەشە نیشتمانییەکاندا و پابەند دەبێت بە بنەما بنەڕەتییەکانی پاراستنی یەکڕیزی و سەقامگیری عێراق، هەروەها پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی.
