ئیدارەی ترەمپ بۆ ئیسرائیل: هێرشەکان بۆ سەر سووریا ڕابگرن
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئاکسیۆس، ئیدارەی ترەمپ پەیامێکی ئاراستەی بنیامین ناتانیاهۆ کردووە و داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر سووریای لێکردووە.
واشنتن نیگەرانە لەوەی بەردەوامیی بۆردومانەکانی ئیسرائیل، دەرفەتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەمنیی لەناو دەبەن و حکوومەتی نوێی سووریا دەکەنە دوژمن. بەرپرسێکی ئەمەریکی بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە: "ناتانیاهۆ لە هەموو شوێنێک جنۆکە دەبینێت و خەریکە بەدەستی خۆی دەرفەتە دیپلۆماسییەکان دەفەوتێنێت."
دوێنێ دووشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، سوپای ئیسرائیل دەستی کردەوە بە ئۆپەراسیۆن و پێشێلکاری بۆ سەر گوندەواری پارێزگای قونەیترە لە سووریا. بەگوێرەی ڕاگەیاندنی تەلەفزیۆنی سووریا، سوپای ئیسرائیل چوونەتە نێو گوندی "ئەبو قوبەیس" لە گوندەواری قونەیترە و بە مەبەستی ترساندنی هاووڵاتییانی مەدەنی، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان بە ئاسماندا کردووە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، هێزێکی دیکە لە چوار ئۆتۆمبێلی سەربازی و دوو تانک پێکهاتبووە، چوونەتە ناو گردی "جەمەریە" لە باکووری گوندەواری قونەیترە. هەر لەو ڕۆژەدا، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک جووڵەی سەربازیی لە ناوچەکانی باشوور و باکووری قونەیترە ئەنجام داوە و خاڵێکی پشکنینی لە شارۆچکەی "جەباتە ئەلخەشاب" جێگیر کردووە.
پێشتریش هێزەکانی ئیسرائیل هۆشدارییان دابووە دانیشتووانی گوندی "ئەلعاشە" لە گوندەواری قونەیترە، کە نابێت لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی نزیک سنووری بەرزاییەکانی جۆلان نزیک ببنەوە.
شایانی باسە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە، پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بەردەوامە و ڕۆژانە لە گوندەواری قونەیترە و دەرعا لەشکرکێشی تۆمار دەکرێت. ئەو ئۆپەراسیۆنانە زۆرجار دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی لێ دەکەوێتەوە و زیانی گیانیشی بۆ مەدەنییەکان هەبووە، سەرەڕای بانگەوازەکان بۆ ڕێزگرتن لە سەروەریی سووریا.
بەگوێرەیی زانیارییەکان، بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە چەندان ناوچەی سووریا بڵاوبوونەتەوە، لە لوتکەی چیای حەرمونەوە تا حەوزی یارموک لە گوندەواری باشوور، کە هەشت بنکە لە قونەیترە و بنکەیەکیش لە دەرعا لەخۆ دەگرێت.
