سیستەمی 'تیشکی ئاسنین' شێوازی بەرگریی ئاسمانی دەگۆڕێت

سیستەمی لێزەریی 'تیشکی ئاسنین'ی ئیسرائیل تا کۆتایی ئەم مانگە ئامادە دەبێت و شێوازی بەرگریی ئاسمانیی بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەگۆڕێت

دووشەممە، 1ـی کانوونی دووەم 2025، دانی گۆڵد، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوە و پەرەپێدانی بەرگری، لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل (DDR&D)، لە کۆنفرانسی تەکنەلۆجیای بەرگری لە زانکۆی تەلئەڤیڤ، ڕایگەیاند "سیستەمی لێزەریی پڕ وزەی 'تیشکی ئاسنین' (Iron Beam) کە بۆ خستنەخوارەوەی خێرای درۆن و مووشەک دیزاین کراوە و تا کۆتایی ئەم مانگە بە تەواوی دەخرێتە خزمەتی سوپای ئیسرائیل."

تیشکی ئاسنین، لەلایەن کۆمپانیای ڕافائێل (Rafael) دروست کراوە، بڕیار نییە جێگەی "گومبەزی ئاسنین" (Iron Dome) یان سیستەمەکانی دیکەی بەرگری بگرێتەوە، بەڵکو تەواوکەری ئەوان دەبێت.

 ئەم سیستەمە، لەڕێگەی تیشکی لێزەرەوە هەڕەشە بچووکەکان لەناو دەبات و ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە گەورەکان بۆ سیستەمە مووشەکییە بەهێزەکانی وەک سیستەمی بەرگری ئاسمانی David's Sling  و تیری 2 و 3 (Arrow 2 & 3) بەجێ دەهێڵێت. 

بەرپرسانی بواری بەرگری دەڵێن، تا کاتێک سەرچاوەی وزەی لێزەرەکە دابین کرابێت، تەقەمەنییەکەی هەرگیز تەواو نابێت و هەر بۆیە بە "گۆڕەڕی یارییەکە" (game-changer)  لەبەرانبەر هێرشی ڕۆکێت و فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا ناوی دەبەن. 

 

تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی تیشکی ئاسنین

ڕۆژنامەی 'جێروسەلێم پۆست' لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی" 'تیشکی ئاسنین' هێزی زیاتر، مەودای درێژتر و توانای بەرگریی کاریگەرتری لە بەرانبەر هەڕەشەکاندا هەیە. بەراورد بە تێچووی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی تر کە هەر جارێکی تەقاندنیان  هەزاران دۆلاریان تی دەچێت، بەکارهێنانی ئەم سیستەمە بۆ خستنەخوارەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئاسمانی، تەنیا چەند دۆلارە."

جگە لەوانەش، کارپێکردنی سیستەمەکە ئاسان و لە ماوەیەکی یەکجار کورتدا کارا دەکرێت و پێویستی بە تیمی گەورە نییە، بەڵکوو تەنیا دوو یا سێ کەس دەتوانن کاری پێ بکەن. 

ئەم سیستەمە، نەک تەنها فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەڵکو مووشەک، ڕۆکێت و گولـلەی هاوەنیش دەخاتە خوارەوە؛ جگە لەو تەنە ئاسمانییانەی خێراییان زیاترە لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، ئەمەش وادەکات سیستەمەکە زۆر بەهێزتر بێت. 

چونییەتی کار کردنی سیستەمەکە

پاش دەستنیشانکردنی هەر هەڕەشەیەکی ئاسمانیی، گورزەیەکی لێزەری بە خێراییەکی یەکجار زۆری ئاراستە دەکرێت و تێکی دەشکێنێت. واتە، دەستنیشانکردن و پێکانی ئامانجەکە لە کەمتر لە یەک چرکەدا ڕوو دەدات. لە ئەگەری ڕوودانی هەڵەیەکدا، دەتوانرێت لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دووبارە گورزەیەکی تر ئاراستەی ئامانجەکە بکرێت. 

تیشکی ئاسنینی ئێم، لە جۆری گورزەی لێزەریی 10 کیلۆواتی لە سەر ئۆتۆمبیلی سەربازیی بچووک جێگیر کراوە؛ بەڵام جۆرەکانی گورزەی لێزەری 50 کیلۆواتی و 100 کیلۆواتی لەسەر بارهەڵگری گەورە جێگیر کراون.

 سەرچاوە ئاگەدارەکان دەڵێن، ئەم سیستەمە لەکاتی جووڵەپێکردنیشدا دەتوانرێت بەکار بهێنریت.

 
 
Fly Erbil Advertisment