کونسوڵی چین: پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ گواستنەوەی وزەی سەوز و پاک

ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لیوو ژینگ یوو، جێگری کونسوڵی چین لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بایەخێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەدات و لەم پێناوەشدا هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە.

جێگری کونسوڵی چین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان لە بەیجین خاوەنی پڕۆژەی هاوشێوەن و دەستپێشخەرییان هەبووە بۆ پشتگیریکردن لە وزەی سەوز بە ئامانجی پەرەپێدان و پێشکەوتن. جەختیشی کردەوە، دەیانەوێت هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر پەرەپێبدەن بۆ ڕەخساندنی هەلی زیاتر و گەیاندنی سوود بە خەڵکی ناوچەکە.

سەبارەت بە کردنەوەی پارکەکەش، لیوو ژینگ یوو ڕوونیکردەوە: "ئێمە بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان داوەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دروستکردنی ئەم پارکەوە هەنگاو بنێین بەرەو وزەی سەوز و خاوێن".

هەروەها ئاشکرای کرد، کونسوڵخانەی گشتیی چین و ژووری بازرگانیی چین ڕۆڵیان هەبووە لە دروستکردنی ئەم پڕۆژەیەدا و گوتی: "ئەم پارکە هەرچەندە بچووکە، بەڵام پارکێکی جوانە و دەبێتە سەرەتایەک بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە وزەی پاک؛ وزەیەک کە دۆستی ژینگەیە و زیانی پێ ناگەیەنێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پرەنسیپ و بەهاکانی ئێمەیە".

 
 
Fly Erbil Advertisment