ئۆپێک پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقی بۆ ساڵی داهاتوو بەرزکردەوە

هەشت وڵاتی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێک پڵەس، ڕێککەوتن لەسەر بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی 2026، ئەمەش بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕە.

هەر هەشت وڵاتەکە پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارە نوێیەکە ڕاگەیاند، کە ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2025، دەرچووە، بۆ ڕاگرتنی بەرهەمی زیادە لە مانگەکانی '1، 2 و 3'ـی 2026.

بەپێی داتاکانی ئۆپێک، پشکی عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی 2026 بۆ مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات و ئادار، چوار ملیۆن و 273 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سعوودیە بەرزترین پشکی بەرهەمهێنانی دەبێت، کە ڕۆژانە 10 ملیۆن و 103 هەزار بەرمیلە، لە دوای ئەویش ڕووسیا دێت بە نۆ ملیۆن و 574 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، دواتر عێراق و دوای ئەویش ئیمارات بە سێ ملیۆن و 411 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و پاشان کوێت پشکی بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن و 580 هەزار بەرمیل دەبێت لە ڕۆژێکدا.

ئۆپێک پڵەس باسی لەوەشکردووە، بەرهەمی نەوتی کازاخستان بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو، یەک ملیۆن و 569 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، لە دوای ئەویش جەزائیر دێت بە 971 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، دوای ئەویش عوممان دێت بە 811 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.

وڵاتانی بەشداربوو ڕێککەوتن لەسەر ئەو میکانیزمەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە دیاریکراوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment